بەهۆی چەند هێرشێکەوە گەشتی سەدان هەزار کەس لە فەرەنسا هەڵوەشاوەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی چەند هێرشێکەوە گەشتی نزیکەی 800 هەزار کەس لە فەرەنسا هەڵوەشاوەتەوە. 
 
بەرپرسانی هێڵی شەمەندەفەری فەرەنسا دەڵێن، چاککردنەوەی هێڵەکە لانیکەم دوو رۆژ دەخایەنێت. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە سەدان هەزار کەس بۆ بینینی ئۆڵۆمپیادی پاریس روو لەو وڵاتە دەکەن و خەڵکی ناوخۆی وڵاتەکەش سەردانی پاریس دەکەن. 
 
هێرشەکان لە جۆری تێکدان و ئاگرتێبەردان بوون و کراونەتە سەر هێڵەکانی خێرای شەمەندەفەر لە ئەتلەنتیک، باکوور و رۆژهەڵات و تێکدراون. 
 
سەرۆکی گرووپی هێڵی شەمەندەفەری SNCF دەڵێت، ئامادەکارییان بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد کردبوو، بەڵام تێکدراوە، ئێستاش سەدان کارمەندیان ناردووەتە شوێنی هێرشەکان تاوەکو بە زوویی کێشەکان چارەسەر بکەن. 

 
هێڵی SNCF داوای لە سەرنشینان و گەشتیاران کردووە، نەچنە وێستگەکانی شەمەندەفەر.