لە ئیکوادۆر شەڕی زیندانییان بووە هۆی گیانلەدەستدانی 31 زیندانی


رووداو دیجیتاڵ 

شەڕی زیندانییان لە زیندانی گوایا لە شاری گوایاکولی ئیکوادۆر بووە هۆی گیانلەدەستدانی 31 زیندانی و برینداربوونی 14ی دیکە.
 
ئۆفیسی داواکاری گشتی ئیکوادۆر بڵاویکردەوە، بەشی زۆری زیندانییانی ئیکوادۆر ئەندامی گرووپە جیاوازەکانی بازرگانیی مادەی هۆشبەرن و بەهۆی گرژی نێوانیان لە زیندانی ژمارە یەکی گوایا لە شاری گوایاکولی 31 زیندانی گیانیان لەدەستداوە و 14ی دیکەش برینداربوون. ئەوە لەکاتێکدایە زیندانەکە نزیکەی پێنج هەزار و 600 زیندانی تێدایە. 
 
دوای دروستبوونی گرژییەکە، دوو هەزار و 700 سەربازی ئیکوادۆر چوونە سەر زیندانەکە و هەوڵیاندا زوو دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن. 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی حکومەت، چەندین جۆری چەک، نارنجۆک و نزیکەی هەزار گولـلە لەنێو زیندانەکە دەستیان بەسەردا گیراوە و بەهۆی هەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی پارچە چەکەوە لە زیندانەکەدا دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە. ئەوە لەکاتێکدایە بە گوێرەی رێکخراوەکانی بواری چاودێریی زیندانەکان، گرووپەکان بەهۆی گەندەڵی پاسەوانانی زیندانەکانەوە چەکیان دەست دەکەوێت.
 
دوای کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی زیندانەکە، حکومەتی ئیکوادۆر باری لە ناکاوی لە زیندانەکانی وڵاتدا بۆ ماوەی 60 رۆژ راگەیاند.
 
نزیکەی 31 هەزار زیندانی لە زیندانەکانی ئیکوادۆردان، بەڵام تەنیا 3 هەزار پاسەوانیان بۆ دانراوە. 
 
بەهۆی ئەوەی زۆربەی زیندانییەکان ئەندامی گرووپەکانی تایبەت بە بازرگانیین بە مادەی هۆشبەرەوە ساڵانە شەڕ لە چەندین زیندان روودەدات. 
 
لە ساڵی 2021ەوە نزیکەی 420 کەس لە زیندانەکانی ئیکوادۆر لە ئەنجامی ئەو شەڕانە گیانیان لەدەستداوە.
 
ئیکوادۆر، کۆڵۆمبیا و پیرۆ گەورەترین بەرهەمهێنەرانی کۆکاینن لە جیهاندا و لە مانگی ئاداری 2021ەوە نزیکەی 455 تۆن مادەی هۆشبەر لە ئیکوادۆر دەستی بەسەرداگیراوە.