محەممەد بن سەلمان دەچێتە ئەوروپا و لەگەڵ بەرپرسانی فەرەنسا و یۆنان کۆدەبێتەوە

26-07-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی سێشەممە 26-7-2022، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە دەستی بە سەردانێک کرد بۆ وڵاتانی ئەوروپا و گەیشتە یۆنان؛ ئەمە یەکەم گەشتی محەممەد بن سەلمانە بۆ ئەوروپا لە دوای کوژرانی جەمال خاشقچی لە ساڵی 2018.
 
کوشتن و پارچەپارچەکردنی خاشقچی لە کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبووڵ لە تشرینی یەکەمی 2018دا بووە هۆی سەرکۆنەکردن و ناڕەزایەتیی نێودەوڵەتیی بەهێز دژی شازادەی جێنشینی شانشینەکە.
 
میدیای سعودیە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، محەممەد بن سەلمان لەگەڵ سەرکردەکانی هەردوو وڵاتی فەرەنسا و یۆنان کۆدەبێتەوە "بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگەکانی بەرزکردنەوەیان لە بوارە جیاوازەکاندا." 
 
ئه‌م سەردانە كه‌متر له‌ دوو هه‌فته‌ دوای ئەوە دێت كه‌ جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ بەشداریکردن لە لووتکەیەک لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی کەنداو و میسر و ئوردن و عێراق سه‌ردانی شاری جەدده‌ی سعودیه‌ی كرد و له‌گه‌ڵ محەممەد بن سەلمان كۆبووه‌وه‌. 
 
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی بایدن، دەزگە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا رایانگەیاند کە محەممەد بن سەلمان، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سعودیە، ئەو ئەرکەی "پەسند" کردووە کە بووە هۆی مردنی خاشقچی، هەرچەندە ریاز ئەمە رەتدەکاتەوە و تۆمەتەکە دەخاتە پاڵ "چەند کەسێکی سەرەڕۆ."
 
کریستیان ئولریچسن، لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی بەیکەر لە زانکۆی رایس لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا دەڵێت، سەردانی شازادە محەممەد بن سەلمان بۆ ئەوروپا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە توانیوویەتی خۆی لە دۆسیەی خاشقچی تێپەڕبکات. 
 
ئولریچسن دەشڵێت: "لە کاتێکدا لە ساڵی 2018ـەوە هیچ هاوئاهەنگییەکی فەرمیی لە 'رۆژئاوا' دژی محەممەد بن سەلمان نەبووە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە لە دوای کوشتنی خاشقچی سەردانی هیچ وڵاتێکی ئەوروپی و ئەمریکای باکووری نەکردووە." 
 
لە نیسانی ئەمساڵدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی سعودیەی کرد و لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا لە ئەنقەرە پێشوازی لە شازادەی جێنشینی سعودیە کرد.
 
ئەردۆغان بە بەدواداچوونی تووندی دۆسیەی خاشقچی و کردنەوەی لێکۆڵینەوە و ئاگادارکردنەوەی میدیا نێودەوڵەتییەکان لەبارەی وردەکارییەکانی کوشتنەکە، سعودییەکانی توڕەکردبوو. بەڵام بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکان لە ئاساییبوونەوەدان، دادگەی ئیستەنبووڵ بە ئامادەنەبوونی 26 تۆمەتباری سعودی کە پەیوەندییان بە مردنی خاشقچیەوە هەبوو، دادگاییکردنەکەی راگرت و لە مانگی نیساندا دۆسیەکەی بۆ ریاز گواستەوە.
 
بەرزبوونەوەی کەسایەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی وزە
 
دوای ئەوەی لەشکرکێشیی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە شوباتی ئەمساڵدا، سعودیە کەوتە ژێر گوشاری ئەمریکا و زلهێزەکانی ئەوروپا بۆ دەرهێنانی نەوتی زیاتر.
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی 40 ساڵدا، ئەوەش گوشاری خستووەتە سەر ئیدارەی بایدن پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە کۆتایی ئەمساڵ.
 
لە بەرامبەردا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاو لە جیهاندا دژی گوشارەکان بۆ زیادکردنی بەرهەم وەستاوەتەوە، ئەوەش لە رێگەی پابەندبوونی بە خشتەی بەرهەمهێنانەوە کە لەلایەن هاوپەیمانی هەناردەکاری ئۆپێک پڵەسەوە دیاری کراوە، کە سعودیە لەگەڵ رووسیا بەهاوبەشی سەرکردایەتی دەکەن. 
 
لە مانگی ئایاری رابردوودا، شازادە فەیسەڵ فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، سعودیە ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ بازاڕی نەوت کردوویەتی.
 
هەفتەی رابردوو ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس پێشوازی لە محەممەد بن زاید ئەلنەهیان، سەرۆکی ئیمارات کرد کە وڵاتەکەی دەوڵەمەندە بە وزە.
 
لەو گەشتەدا بەرپرسان گرێبەستێکیان لە نێوان کۆمپانیای زەبەلاحی وزەی فەرەنسی، تۆتاڵ ئێنێرجی و کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئیمارات ADNOC راگەیاند "بۆ هاوکاریکردنی لە بواری دابینکردنی وزەدا." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە