جیهان
تۆرێس لە هەڵبژاردنە بەراییەکاندا لە رۆبن دیاز، کەسایەتیی سیاسیی نیویۆرکی بردەوە کە دژی هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازەکانە
رووداو دیجیتاڵ
گەنجانی رەشپێست و قسەکەرانی ئیسپانی و هاوڕەگەزخوازەکان، هەوڵی گۆڕینی هاوکێشەکانی ناو کۆنگرێسی ئەمریکا دەدەن، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن، پاش ئەو پشتگیرییە گەورەیەی لە ئەنجامی خۆپێشاندانەکانی رابردووی دژ بەرەگەزپەرستیدا لە ئەمریکا، بەدەستیانهێنا.
ئەو گەنجانە دەیانەوێت هەنگاوەکانی ئەلیکسەندەریا ئۆکاسیۆ - کۆرتێزی سۆسیالیست هەڵبنێن، کە لەدایکبووی پۆرتیریکۆیە و لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی 2018دا، شکستی بە پاڵیوراوێکی دیموکراتەکان هێنا لە نیویۆرک و دواتر بووە تەمەن بچووکترین کۆنگرێسمان لە مێژوودا.
مۆندێر جۆنز، 33 ساڵ و ریچی تۆرێس 32 ساڵ، لە هەڵبژاردنی دیموکراتەکاندا لە بازنەکانی خۆیاندا، سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و ئێستا دڵنیان لەوەی لە تشرینی دووەمدا دەبنە یەکەم دوو کۆنگرێسمانی هاوڕەگەزخوازی رەشپێست لە مێژووی ئەمریکادا. جۆنز گوتی: "خۆم بەربژێر ناکەم لەبەرئەوەی وەک یەکەم کۆنگرێسمانی رەشپێستی هاوڕەگەزخواز، ناوم لە مێژوودا تۆمار بکرێت، بەڵکو
لەبەر هەستکردنم بەگرنگیی نوێنەرایەتیکردنی ئەو توێژە، خۆم بەربژێر دەکەم".جۆنز لە خێزنێکی هەژار لەگەڵ دایکیدا گەورە بووە، لە زانکۆکانی ستانفۆرد و هارڤەر خوێندوویەتی و دواتر لە پۆستێکی حکومیدا لەسەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا کاریکردووە.
جۆنز لە بازنەی بەشێکی ناوچەی برۆنێکس لە نیویۆرک، شکستی بە ئیلیۆت ئانگلی تەمەن 73 ساڵ هێنا، کە بەر لە 31 ساڵ، بووەتە کۆنگرێسمان.
چەپی نوێ
جۆنز پێیوایە ئەو کەسایەتییانە، بەرجەستەکەری "دەنگی نوێی فرەرەنگترن، کە پەیامێکی بەپەلە لەبارەی تەنگژەی کەشوهەوا و سیستمی تەندروستی و نیشتەجێبوون" دەگەیەنێت. ئەو لەو بۆچوونەیدا، پێچەوانەی رای باوی ناو کۆنگرێسە کە بەبڕوای ئەو "هەنگاوی پێویستی نەناوە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی باش و کەرامەتپارێزراو و یەکسان لە رووی رەگەزەوە، بۆ هەمووان".
جۆنز کە بەشێکی ژیانی لەگەڵ نەنکە خزمەتکار و باپیرە دەرگاوانەکەیدا بەسەر بردووە، زیاتر دەڵێت: "ئەوانەی لە دەستەبەرکردنی ئەو ویستانەدا شکستیان هێنا، دەبێ بڕۆن و کەسانی دیکە شوێنیان بگرنەوە".
ساڵی 2018، ئەلیکسەندریا ئۆکاسیۆ-کۆرتێز، بەحاڵەتێکی ئاوارتە دادەنرا لە گۆڕەپانی سیاسی لە نێو فراکسیۆنی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسدا، بەڵام بیرنی ساندەرز لە هەڵبژاردنە بەراییەکاندا بۆ کۆشکی سپی، توانی درز بخاتە ناو رێژەی جێگیرەکەی ئافرەتانەوە و دواتریش کوژرانی جۆرج فلۆید، باڵی چەپی لە پارتی دیموکراتدا، جێپێی قایمتر کرد.
دایڤید پارکەر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئەمریکا، پێیوایە باڵی چاکسازیخوازی پارتەکە، پەرچەکردارە بەرامبەر سیاسەتە رادیکاڵییەکانی دۆناڵد ترەمپ. ئەو دەڵێت "ئەوە سەرکەوتنی چەپی نوێی ئەمریکایە، چونکە پێشتر رەوتی سۆسیالیستی هیچ هەبوونێکی نەبوو تەنانەت لە ناو پارتی دیموکراتیشدا، بەڵام ئێستا بەهێزەوە دەردەکەوێت".
پێدەچێ ئەم رەوتە، پشتگیری هەموو چین و توێژەکانی ئەمریکای لە پشت بێت، باشترین بەڵگەش سەرکەوتنی مۆندیر جۆنزە لە بازنەیەکدا کە رەشپێستەکان تەنیا 10 لەسەدی پێکدەهێنن.
لە بەرامبەردا، پارتی کۆماری لەو لایەنەوە جۆرێک لە چەقبەستن بەخۆوە دەبینێت، چونکە تائێستا نوێنەرایەتیکردن لەدەستی نێر و سپیپێستەکاندا قەتیسماوە، لە وڵاتێکدا کە پێشبینیدەکرێت لە ساڵی 2045دا سپیپێستەکان تێیدا ببنە کەمینە.
جۆنز و جەمال بومان بەناونانیان بە سۆسیالیست رازین، بەپێچەوانەی ریچی تۆریسەوە کە رەتیدەکاتەوە لە ناو پارتی دیموکراتدا، بکەوێتە گفتوگۆی لابەلاوە.
تۆریس، راوێژکاری شارەوانی، بەچاکسازیخواز دادەنرێت بەهۆی ویستەکانی لە بەرگریکردن لە مافی هاوڕەگەزخوازەکان و ئەوانەی رەگەزی خۆیان گۆڕیوە.
تۆرێس کە لە بازنەی برۆنکس هەڵبژێردرا کە زۆرینەیان بە ئیسپانی قسە دەکەن، لە هەڵبژاردنە بەراییەکاندا لە رۆبن دیاز، کەسایەتیی سیاسیی نیویۆرکی بردەوە کە دژی هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازەکانە و بەئاشکرا گوتی "هاوڕەگەزخوازەکان" ئەنجوومەنی شارەوانیی شارەکەیان کۆنترۆڵکردووە.
ئەمڕۆ نوێنەرە هاوڕەگەزخوازەکان و ئەوانەی رەگەزی خۆیان گۆڕیوە، تەنیا 0،17٪ی سیاسییەکانی ئەمریکا پێکدەهێنن، لە کاتێکدا 4،5٪ی گەلی ئەمریکا سەر بەو توێژەن.
ئیلیتۆت ئیمس، بەرپرسی راگەیاندنی پەیمانگای ڤیکتۆری ئینستیوت بۆ هاوڕەگەزخوازەکان و ئەوانەی رەگەزیان گۆڕیوە دەڵێت، دەنگەکانی ریچی تۆرێس و مۆندیر جۆنز"گۆڕانکاریی گەورە لە کۆنگرێسدا" دروستدەکەن، گوتی "بەڵام هێشتا رێگەی کارکردن لەبەردەمماندا، درێژە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ