بانکی HSBC: هیچ پەیوەندیمان بە گرتنی کچی دامەزرێنەری هواوی نییە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
بانکی HSBCی بەریتانی لە بەیاننامەیەکدا رەتیکردەوە کە دەستی هەبێت لە دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەری کۆمپانیای هواوی لە کەنەدا و هەوڵەکان بۆ رادەستکردنی بە ئەمریکا.
 
لە بەیاننامەیەکدا کە بانکی HSBC لە تۆڕی کۆمەڵایەتی وی چات بڵاویکردەوە، بانکەکە هەرچەشنە رۆڵێکی لە دەستبەسەرکردنی بەڕێوبەری دارایی هواوی رەتدەکاتەوە کە کچی دامەزرێنەری گەورە کۆمپانیای هواوی چینە.
 
پێشتر میدیایەکی فەرمی چین بانکی HSBCی بەوە تۆمەتبارکردبوو کە بانکەکە دەستی هەبووە لە رادەستکردنی بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیای هواوی لە کەنەدا.
 
مێنگ وانژوو  لە مانگی 12 ی ساڵی 2018 بە تۆمەتی دزینی زانیاری کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆژیای ئەمریکا لە کەنەدا دەستبەسەرکرا.
 
دەستبەسەرکردنی مێنگ دوای سکاڵایەکی بەرپرسانی ئەمریکا هات لە دژی ناوبراو بەوەی کە لەرێگەی نایاساییەوە کۆمپانیاکەی هەوڵی دەستخستنی زانیارییە نهێنییەکانی کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکانی ئەمریکای داوە.