پۆلیس باندێک دەستگیردەکات کە بە ئۆتۆمبێلی گرانبەها کۆچبەری نایاساییان بردووەتە ئیتاڵیا

26-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئیتاڵیا دەستگیرکردنی باندێکی قاچاخچیی چینییان راگەیاند کە بە گوتەی پۆلیس "بە ئۆتۆمبێلی گرانبەها، کۆچبەریان بردووەتە ئیتاڵیا، دواتر دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گرتووە و وەک کۆیلە بەکاریانهێناون."
 
رۆژی چوارشەممە 26-06-2024 پۆلیسی ئیتاڵیا رایگەیاند باندە چینییەکە دوای ئەوەی کۆچبەرە چینییەکانیان هێناوەتە ئیتاڵیا، دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گرتووە. 
 
پۆلیس هەروەها رایگەیاند "کۆچبەرەکان بە جلوبەرگی کەشخە و ئۆتۆمبێلی گرانبەها کە شوفێری خۆیان هەبووە، سنووری ئیتاڵیایان بڕیوە و وەک کەسانی ئاسایی لەنێو شاردا هاتووچۆیان کردووە."
 
لەبارەی شوفێرەکانەوە، پۆلیس گوتی "شوفێرەکانیش هاووڵاتیی چینی بوونە کە چەندین ساڵە لە ئیتاڵیا دەژین و زمانی ئیتاڵیش دەزانن."
 
چیرۆکی لێکۆڵینەوە لەو باندە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ دەستیپێکرد، کاتێک هاووڵاتییەکی چینی لە سنووری نێوان سلۆڤینیا و ئیتاڵیا لەلایەن پاسەوانانی سنوورەوە راگیرا و دەرکەوت دەیەوێت چوار هاووڵاتیی دیکەی چینی، بێ هیچ پەڕاوێکی گەشتکردن بپەڕێنتەوە ئیتاڵیا.
 
دوای لێکۆڵینەوە، پۆلیس بۆی دەرکەوت باندێکی قاچاخچی لە پشت ئەم کارەوەن و بەردەوام خەڵکی چین بە فڕۆکە دەگەیەننە سربیا؛ لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێل بەرەو بۆسنیا، کرواتیا، سلۆڤینیا و لە کۆتاییدا سنووری ئیتاڵیا دەیانبەن.
 
پۆلیسی ئیتاڵیا ئەوەشی روونکردووەتەوە، دوای ئەوەی باندەکە ئەو کۆچبەرانەیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا، ئەوانیان لە خانوویەک لە نزیک شاری ڤینیس حەواندووەتەوە. لە خانووەکەدا دەستیان بەسەر پاسپۆرتی ئەو کۆچبەرانە گرتووە تاوەکو بڕێکی زۆر پارەیان لێ وەرگرتوون. 
 
باندەکە "وەکو کۆیلە" مامەڵەیان لەگەڵ چینییەکان کردووە، بەکاریانهێناون، چاودێریی تەندروستییان بۆ دابین نەکردوون و تەنیا جێگەخەوێک و شوێنێکیان بۆ کارکردن بۆیان دابینکردووە.
 
هێزی پۆلیسی ئیتاڵیا تاوەکو ئێستا نۆ کەسی لەو باندە دەستگیرکردووە و 77 کۆچبەری بێ پەڕاویشیان دەستنیشان کردووە، کە لە رێگەی ئەو باندەوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا. 
 
پۆلیس دەڵێت "بەشێکی زۆری ئەو 77 کەسە ژنن و بەشێکیشیان تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 18 ساڵە."

 

 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە