مۆدێلێکی ژیریی دەستکرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بەربژێرە


رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی دەگمەن و بۆ یەکەم جار لە مێژوو دا، یەکێک لە بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی پەرلەمانی بەریتانیا، مۆدێلێکی پرۆگرامکراوە بە ژیریی دەستکرد.
 
ستیڤ ئێندەکۆت، بازرگان و سەرمایەداری بەریتانییە و خاوەن کۆمپانیای نیوراڵ ڤۆیسە کە تایبەتە بە ژیریی دەستکرد. ستیڤ لە رێگەی کۆمپانیاکەیەوە کەسێکی خەیاڵی بە ژیریی دەستکرد دیزاین کردووە و ناوی لێناوە "ئەی ئای ستیڤ."
 
"ئەی ئای ستیڤ" بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا، کە بڕیارە لە 04-07-2024 بەڕێوەبچێت، بەربژێرە و رۆژانە وەڵامی خەڵک دەداتەوە و بانگەشە دەکات. 
 
ستیڤ ئێندەکۆت سەر بە هیچ پارتێک نییە و وەک بەربژێرێکی سەربەخۆ لەسەر بازنەی برایتن لە باشووری بەریتانیا خۆی هەڵبژاردووە. ئەو گوتی، لە سیاسەتڤانە ستانداردەکان بێزار و تووڕە بووە بۆیە وەک بەربژێرێکی سەربەخۆ چووەتە مەیدانی کێبڕکێکانەوە.
 
ئەو بازرگانە بەریتانییە، وێبسایتێکی تایبەت بە ئەی ئای ستیڤ داناوە کە تێیدا دەتوانی بە دەنگ قسە لەگەڵ ئاڤاتارەکە بکەیت و پرسیاری ئابووری، سیاسی، کۆچبەران، خانووبەرە، هاوڕەگەزخوازان، پرسە ئەمنییەکان و دەیان پرسیاری دیکەی لێبکەیت.
 
کاتێک وەکو رۆژنامەڤانێکی رووداو خۆم ناساند و پرسیارم لە "ستیڤ ئەی ئای" کرد، رای ئەو چییە لەسەر ناردنی کۆچبەران و پەناخوازان لە بەریتانیاوە بۆ رواندا؟ لە وەڵامدا گوتی، "ئێمە لەگەڵ ناردنی کۆچبەران نین بۆ رواندا یان هەر وڵاتێکی دیکە، بەڵکو ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە رێگەیەکی کاریگەرتر و هاوسۆزانەتر لەگەڵ کۆچبەران بگیرێتەبەر."
 
هەروەها گوتی، "ئەوە کێشەیەکی ئاڵۆزە و پێویستی بە رێگەچارەیەکی دادپەروەرانەتر هەیە."
 
لەبارەی پرۆژەی خۆی بۆ کۆچبەرانیش، ئەوەی گوت کە ئەوان چاویان لەسەر ئەوەیە سیستمێکی دادپەروەرانەتر و مرۆڤانەتر بۆ کۆچبەران دابین بکەن کە تێیدا "پاراستنی سەلامەتی و شکۆیان کاری لەپێشینە بێت."
 
پرسیارەکە ئەوەیە لە ئەگەری سەرکەوتن، ئایا ستیڤ ئێندەکۆت، واتە مرۆڤەکە دەبێتە ئەندام پەرلەمان، یانیش ئاڤاتارە خەیاڵییەکە؟ بەپێی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی بەریتانیا ستیڤ ئێندەکۆت خۆی دەبێتە ئەندام پەرلەمان، بەڵام ئەو لە رێگەی ئەی ئای ستیڤەوە بانگەشە دەکات، دەنگ کۆدەکاتەوە و ئەو ئاڤاتارەی کردووەتە دەموچاوی بانگەشەکەی.
 
ئێندەکۆت هەروەها گوتی: "دوای هەڵبژاردن، پارتێک دادەنێین، بەربژێری دیکەی پرۆگرامکراو بە ژیریی دەستکرد دەخەینە سەر پارتەکەمان. ئێمە ئەو شتە وەک بەردی بناخەی شتێکی گەورە و دیموکراسی دەبینین."
 
ستیڤ ئێندەکۆت لەسەر وێبسایتەکەی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و بانگەشە مەیدانییەکانیش هەمیشە دەموچاوی ئەی ئای ستیڤ پێشاندەدات و ئەوی لە پێشەوە داناوە. دەنگدەرانی بەریتانیا جارێ تێڕاماون و نازانن دەنگی پێبدەن یان نا.
 
ئیۆنا جۆنستن، هاووڵاتییەکی بەریتانییە و خەڵکی شاری برایتنە، دەڵێت، "لە زۆر بواری ژیان ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنین، بۆچی لە سیاسەت بەکاری نەهێنین؟ لەوانەیە رێگە و شێوازی ژیانمان بگۆڕێت."
 
ستیڤ ئیندەکۆت باوەڕی وایە ئیدی کاتی ئەوەیە بواری سیاسەتیش ببرێتە نێو ژیریی دەستکردەوە. 
 
چاوەڕوان دەکرێت لە هەڵبژاردنی 4ـی مانگی داهاتوو، پارتی کار جێگە بە پارتی پارێزگاران چۆڵبکات و ببێتە زۆرینە.