ئەڵمانیا: ئەوانەی ستایشی تیرۆر دەکەن دیپۆرتیان دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، رازی بووە رێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی ئەو بیانییانە ئاسانتر بکات کە "ستایشی تیرۆر دەکەن."
رۆژی چوارشەممە 26ی حوزەیرانی 2024 نانسی فایزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "ئەوە روونە بۆ ئێمە کە ئیسلامییە ئاژاوەگێڕەکان، ئەوانەی کە بە مێشک لە سەردەمی چاخی بەردین دەژین، هیچ شوێنێکیان لە وڵاتەکەماندا نییە."
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هەڕەشە لە کۆچبەران دەکات و دەڵێت، "هەر کەسێک وڵاتینامەی ئەڵمانیای نییە و ستایشی تیرۆر دەکات، دەبێت دەربکرێت."
بەگوێرەی ئەو یاسا نوێیەی حکومەتی ئەڵمانیا پێی رازی بووە، هەر کەسێکی بیانی لە ئەڵمانیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان "ستایشی تیرۆر" بکات، دەکرێت رووبەڕووی دیپۆرتکردنەوە ببێتەوە.
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، گوتاری رق و کینە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەڵمانیا زیاتر بووە، بەرپرسانیش ئیسلامییەکان بە بەرپرسیار دەزانن.
ئەو پڕۆژە یاسایەی حکومەتی ئەڵمانیا ئامادەی کردووە، هێشتا پێویستی بەوەیە لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت. لە پڕۆژە یاساکەدا هاتووە، "ستایشکردنی تیرۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سووتەمەنی بە ژینگەی تووندوتیژیدا دەکات."
تاوەکو ئێستا چەندین کەس لە ئەڵمانیا بەهۆی گوتارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رووبەڕووی سزادان بوونەتەوە.
سەرەتای ئەم مانگە لە شاری میونشن ئیمامی مزگەوتێک بە 4.500 یۆرۆ سزادرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیبووی، "هەموو کەسێک شێوازی خۆی هەیە بۆئەوەی لە مانگی ئۆکتۆبەردا ئاهەنگ بگێڕێت،" ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو مانگەی بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
سەرەتای ئەم مانگە ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا یاساکانی تایبەت بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی تووندتر کرد، ئەوەش دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی ئەفغانستان لە شاری مانهایم بە چەقۆ لە ئەفسەرێکی پۆلیسی دا و کوشتی.