پلەی گەرما لە پاکستان گەیشتە 50 پلەی سیلیزی

 
رووداو دیجیتاڵ

پلەی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکانی پاکستان گەیشتە 50 پلەی سیلیزی و دانیشتووانی شاری کەراچی پاکستان پەنا بۆ رێگەی جیاواز بۆ خۆفێنککردنەوە دەبەن؛ بەشێکیان بە خواردنەوەی ئاو و شەربەت و بەشێکی دیکەیان بە مەلەکردن.
 
سەرفراز ئەحمەد، بەرپرسی کەشناسیی پاکستان دەڵێت، "کەشوهەوایەکی وشکە. لەم جۆرە دۆخانەدا، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. رۆژی سێشەممە پلەی گەرما دەستی بە بەرزبوونەوە کرد و تاوەکو 27 و 28ی حوزەیران بەم جۆرە دەمێنێتەوە."
 
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی پاکستان، لە دووشەممەوە تەنیا لە کەراچی 30 کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە؛ لانیکەم 1500 کەسیش رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
 
عیمران سەروەر خان، بەرپرسی نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە کەراچی گوتی، "پلەی گەرما زۆر بەرزە. 120 نەخۆش هێندرانە نەخۆشخانەکەمان و هەشتیان مردن."
 
کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا بە هۆکارێکی سەرەکیی ئەم گەرمایە دادەنرێت.
 
فەیسەڵ خان، دانیشتووی کەراچی دەڵێت، "هیچ دارێکی وامان نییە سێبەرمان بۆ بکات. کاتێک دارەکان دەبڕدرێنەوە، کەس رێگری ناکات. ئێستاش رووبەڕووی کاریگەرییەکانی دەبینەوە. جگە لە گەرما، دووچاری کەمیی کارەبا بووینەتەوە."
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی کۆڕبەندی هاریکاریی جیهانی کە بارەگاکەی لە سویسرایە، ساڵانە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لانیکەم 315 هەزار کەس گیان لەدەستدەدەن.