رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین دەڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا ویستیان رووسەکان یەکدی بکوژن و "گرووپی ڤاگنەر دوو بژارەی لەبەردەمە، رێککەوتن لەگەڵ رووسیا، یان رۆیشتن بۆ بێلاڕووس".
رۆژی دووشەممە، 26ی حوزەیرانی 2023، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکیدا رایگەیاند، "زۆر سوپاسی فەرماندەکانی ڤاگنەر دەکەم کە رێگرییان لە خوێنڕشتن کرد" و ئاماژەی بەوەکرد، "گرووپی ڤاگنەر دوو بژارەی لەبەردەمە، رێککەوتن لەگەڵ رووسیا، یان رۆیشتن بۆ بێلاڕووس".
دوای یاخیبوونەکەی گرووپی ڤاگنەر، سەرۆکی رووسیا روونیکردەوە کە هەر هەوڵێک بۆ بە تاوانبار نیشاندانی رووسیا یان پشێوینانەوە لە وڵاتەکەدا شکست دەهێنێت. "ئەو یاخیبوونەی گرووپی ڤاگنەر هەوڵێکی وڵاتانی رۆژئاوا بوو دژی رووسیا و دەیانویست رووسەکان یەکدی بکوژن."
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەکرد، یەکگرتوویی هاووڵاتیانی رووسیا ئەوەی نیشاندا، "هەر هەوڵێک بۆ بەتاوانبار نیشاندانمان یان دروستکردنی ئاژاوەی نێوخۆیی لە وڵاتەکەماندا شکست دەهێنێت."
هاوکات، پووتین سوپاسی فەرماندەکانی سوپای رووسیای کرد، "بۆ ئەو خزمەت و کارەی لە کاتی یاخیبوونەکەی گرووپی ڤاگنەر کردیان."
رۆژی دووشەممە، 26-6-2023، یەڤگینی پریگۆژین، لە تۆمارێكی دەنگیی 11 خوولەکیدا گوتی، "لە دوای رزگارکردنی شاری باخمووت لە هەرێمی دۆنێتسک، وەزارەتی بەرگریی رووسیا گوشاری خستەسەرمان بۆ واژۆکردنی گرێبەستی تایبەت لەگەڵ وەزارەتەکە، نە من و نە چەکدارەکانم ئامادەی واژۆکردنی گرێبەستەکە نەبووین و بە پاساوێک بۆ کۆنترۆڵکردنمان و دانانمان لە ژێر رکێفی وەزارەتی بەرگریمان دانا."
ئێوارەی رۆژی شەممە، 24ـی حوزەیرانی 2023، گرووپی ڤاگنەر یاخیبوونی لە سوپای رووسیا راگەیاند و ئاڕاستەی لوولەی تڤەنگەکانیان لە ئۆکرایناوە گۆڕی بۆ رووسیا. تا رۆژی دواتر گرووپی ڤاگنەر پێشڕەوییان کرد و "بەبێ خوێن ڕشتن" هەرێمی رۆستۆڤیان کۆنتڕۆڵکرد و دواتر بەرەو پایتەخت کەوتنەڕێ. چەکدارانی گرووپەکە تەنیا 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ دوور بوون، هەڕەشەی دەستگیرکردنی وەزیری بەرگری و سوپاسالاریان دەکرد کە پریگۆژین تۆمەتباری کردوون بە هۆکاری کوژرانی هەزاران چەکداریان لەشەڕی ئۆکراینا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ