پیرگۆژین لەبارەی هۆکاری یاخیبوونەکەی: هەوڵدەدرا ڤاگنەر هەڵبوەشێندرێتەوە

26-06-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر یەکەمین لێدوان دوای لەشکرکێشییەکەی رۆژی 24ی ئەم مانگەی دەدات و دەڵێت لەپێناو مانەوەی گرووپەکەدا ئەوەیان کردووە و داوای لێبوردن دەکات. 
 
رۆژی دووشەممە، 26-6-2023، یەڤگینی پریگۆژین، لە تۆمارێكی دەنگیی 11 خوولەکیدا گوتی، "لە دوای رزگارکردنی شاری باخمووت لە هەرێمی دۆنێتسک، وەزارەتی بەرگریی رووسیا گوشاری خستەسەرمان بۆ واژۆکردنی گرێبەستی تایبەت لەگەڵ وەزارەتەکە، نە من و نە چەکدارەکانم ئامادەی واژۆکردنی گرێبەستەکە نەبووین و بە پاساوێک بۆ کۆنترۆڵکردنمان و دانانمان لە ژێر رکێفی وەزارەتی بەرگریمان دانا." 
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 24ـی حوزەیرانی 2023، گرووپی ڤاگنەر یاخیبوونی لە سوپای رووسیا راگەیاند و ئاڕاستەی لوولەی تڤەنگەکانیان لە ئۆکرایناوە گۆڕی بۆ رووسیا. تا رۆژی دواتر گرووپی ڤاگنەر پێشڕەوییان کرد و "بەبێ خوێن ڕشتن" هەرێمی رۆستۆڤیان کۆنتڕۆڵکرد  و دواتر بەرەو پایتەخت کەوتنەڕێ. چەکدارانی گرووپەکە تەنیا 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ دوور بوون، هەڕەشەی دەستگیرکردنی وەزیری بەرگری و سوپاسالاریان دەکرد کە پریگۆژین تۆمەتباری کردوون بە هۆکاری کوژرانی هەزاران چەکداریان لەشەڕی ئۆکراینا.
 
پریگۆژین لەو بارەیەوە گوتی، بەرپرسانی بەرگریی سوپای رووسیا رێگرییان لە گەیشتنی چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی بە چەکدارەکانمان دەکرد؛ ئەوان بەرپرسن لە چەواشەکردن و هەڵخەڵەتاندنی گەلی رووسیا، زانیاری هەڵە بە سەرۆکایەتی وڵات دەدەن و هۆکارێكن بۆ لە دەستدانی زەوی لە بەرەکانی شەڕدا.
 
سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر باسی لەوەش کرد، "ئێمە بەو جووڵەیەمان نەماندەویست کودەتا بەسەر دەسەڵاتی سیاسییەوە بکەین، بەڵکو ویستمان سزای ئەو کەسە سەربازییانە بدەین کە چەندین هەڵەیان لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە ئەنجامداوە، هەروەها ویستمان سەرنجی سەرۆکایەتی وڵات راکێشین لەسەر ئەو هەوڵانەی کە دەدران بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتایی هێنان بە گرووپەکەمان". گوتیشی، "رۆیشتنمان بەرەو مۆسکۆ و نزیک بوونەوەمان لە پایتەخت بەبێ ئەوەی رووبەڕووی هیچ رێگرییەکی راستەقینە ببینەوە، بوونی کەلێنێکی گەورەی ئەمنی لە وڵاتدا دەردەخات". 
 
پیگۆژین راشیگەیاند، "ئێمە بە هیچ شێوەیەک دەستدرێژی لەسەر هیچ کەس و لایەنێکمان نەکردووە؛ بەڵام سوپای رووسیا بە مووشەک و هێلیکۆپتەر هێرشی کردینەسەر، خستنە خوارەوەی چەند هێلیکۆپتەرێکی رووسی بەرگریکردنێکی ناچاریمان بوو بۆ پاراستنی خۆمان و داوای لێبوردنیش دەکەین".
 
گرووپی ڤاگنەر لەدوای کەمتر لە 24 کاژێر، کۆتاییان بە لەشکرکێشییەکە هێنا و رایانگەیاند دەگەڕێنەوە سەرنگەرەکانیان. سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر هۆکاری وەستان و گەڕانەوەیان بۆ بنکە سەربازییەکانیانی خستەڕوو و گوتی" بە سوپاسەوە سەرۆکی بێڵاڕووس دەستی هاوکاری بۆ درێژکردین تاوەکو کۆتایی بە کێشەکانمان بە رێگەی یاسایی بهێنین، ئامانج لە راگرتنی جووڵەکەمان بۆ وەستاندنی رەشتنی خوێنی رووسەکان بوو".
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.