رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان لە بەنگلادیش دەڵێن، بەهۆی نزیکبوونەوەی زریان لە کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکەیان 800 هەزار کەس لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە ناچارن ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
رۆژی یەکشەممە، 26ی ئایاری 2024، بەرپرسانی رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان لە حکومەتی بەنگلادیش رایانگەیاند، پێشبینی دەکەن ئەمشەو زریانی ریمال لە کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکەیان و بەشێک لە کەناراوەکانی هیندستان بدات.
کەشناسی بەنگلادیش پێشبینی دەکات خێرایی با بگاتە 130 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
بەرپرسانی ئەو وڵاتە ماسیگرەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کارەکانیان رابگرن و داواشیان لە خەڵکی ئەو ناوچانەی مەترسییان لەسەرە کردووە ماڵ و حاڵی خۆیان جێبێڵن.
لە سێ دەیەی رابردوودا زریانەکان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی سەدان هەزار کەس لەو وڵاتە.
ئایاری رابردوو زریانی مۆکا لە بەنگلادیشی دا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ هەزار کەس و زیانی چەند ملیار دۆلارێکی لە ئابووری ئەو وڵاتە دا.
تشرینی یەکەمی رابردووش زریانی هاموون لە کەناراوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی بەنگلادیشی دا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس و ئاوارەبوونی 300 هەزار کەسی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ