کەسێک بە ئاسمانەوە دەرگەی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسانی کۆریای باشوور دەڵێن، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە لە ئاسمان دەرگەی فڕۆکەی کردووەتەوە. 
 
رۆژی هەینی، 26ـی ئایاری 2023، وەزارەتی گواستنەوەی کۆریای باشوور لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر لە جۆری Airbus A321 کە 194 سەرنشینی هەڵگرتبوو و لە شاری دایگوی وڵاتەوە بەرەو شاری جێجیو چووە؛ یەکێک لە سەرنشینەکانی دەرگەی فڕۆکەکەی لە ئاسماندا کردووەتەوە. 
 
بەرپرسی بەشی ئاگرکوژێنەوەی شاری دایگو لە باشووری کۆریای باشوور رایگەیاند، بەهۆی ئەو کارەیەوە "9 کەس لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە تووشی کێشەی هەناسەدان بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون."
 
یەکێک لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە بە میدیای کۆریای باشووری گوتووە، "پێم وابوو فڕۆکەکە دەتەقێتەوە. سەرنشینەکانی تەنیشت دەرگەکە هەموویان بێهۆش بوون."
 
وەزارەتی گواستنەوەی کۆریای باشووریش بڵاویکردەوە، پۆلیس ئەو هاووڵاتییەی دەستگیرکردووە و بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای فڕۆکەوانی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
 
بەرپرسانی پۆلیسی شاری دایگو رایانگەیاند، "هاووڵاتییەکە هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی کارەکەی نەداوە و لەکاتی رووداوەکەدا سەرخۆش نەبووە. گفتوگۆیەکی ئاسایی لەگەڵ ئەو هاووڵاتییە قورسە. بەدواداچوون بۆ پاڵنەری پشت رووداوەکە دەکەین و سزای تاوانبار دەدەین." 
 

 

 

A post shared by Rudaw (@rudaw)