پێنج قاچاخچیی سووریایی و یەکێکی جەزائیری لە ئەلبانیا دەستگیرکران


رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئەلبانیا دەڵێت، شەش کەسیان دەستگیر کردووە بە تۆمەتی ئەوەی کۆچبەریان بە قاچاخ بردووەتە نێو وڵاتەکە و تەقەیان لە پۆلیسی سنوور کردووە. پۆلیس باسی لەوە نەکردووە لە تەقەکردنەکەدا هیچ کەس برینداربوو بێت. 
 
لە راگەیێندراوێکی پۆلیسی ئەلبانیادا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، قاچاخچییەکان درەنگانی شەوی رابردوو لە نزیک سنووری کۆسۆڤۆ "سەرقاڵی تاوانی یارمەتیدانی کۆچبەرانی وڵاتانی سێیەم بوون بۆ ئەوەی لە بەرامبەر پارەدا بە نایاسایی لە سنوور بیانپەڕێننەوە."
 
پۆلیس دەڵێت، کاتێک داوایان لە قاچاخچییەکان کردووە بووەستن، بە تەقە وەڵامی پۆلیسیان داوەتەوە. 
 
دوای چەند کاژێرێک لە بەدواداگەڕان، بە هاوئاهەنگیی پۆلیسی کۆسۆڤۆ، پێنج کەسی سووریایی و یەکێکی جەزائیری بەرەبەیانیی رۆژی هەینی دەستگیرکراون، جەزائیرییەکی دیکە هەڵاتووە، ئەمە وەک پۆلیس باسی دەکات. 
 
قاچاخچییەکان تۆمەتبارن بە یارمەتیدانی کۆچبەرانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیایی بۆ ئەوەی بە نایاسایی لە یۆنانەوە بچنە ئەلبانیا، کۆسۆڤۆ و سربیا و دواتریش لەوێوە بڕۆنە وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا. 
 
ئەوان هەروەها رووبەڕووی تۆمەتی هەوڵی کوشتن دەبنەوە، بەهۆی ئەوەی تەقەیان لە پۆلیسی سەرسنوور کردوو، ئەگەر تۆمەتەکانیان بەسەردا ساخ بێتەوە، ئەوا دەکرێت رووبەڕووی سزای زیندانیکردنی تاهەتایی ببنەوە. 
 
ئەلبانیا رێگەی دڵخوازی کۆچبەران نییە، بەڵام بەشێکیان هەوڵ دەدەن وڵاتەکەی رۆژئاوای بەلقان بەکاربێنن بۆ ئەوەی بەرەو رۆژئاوای ئەوروپا بکەونەڕێ.