وردەکاریی شەڕەکەی نێوان کۆچبەرانی کورد و عەرەب لە کەمپێکی یۆنان

رووداو - هەولێر 

دوێنێ (هەیینی، 25-5-2018) بەهۆی دەمەقاڵێی نێوان چەند گەنجێکی کۆچبەری کورد و عەرەب لە کەمپێکی یۆنان شەڕێکی سەخت لەنێوان سەدان کۆچبەر روویدا، لەئەنجامدا ژمارەیەکیان بە سەختی بریندار بوون.

محەممەد خەلیل، تەمەنی 19 ساڵە و خەڵکی کۆبانێیە، ماوەی دوو مانگە لە کەمپی مۆریا لە دوورگەی لیسبۆسی یۆنان کۆچبەرە، ئەو شایەدحاڵی رووداوەکەی دوێنێیەوە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەڕەکە بەهۆی ئەوەوە روویداوە کە گەنجە عەرەبەکان هاتوون و لەسەر مەسەلەی رۆژووگرتن لەگەڵ کوردەکان بەشەڕ هاتوون.

ئەو شایەدحاڵە گوتی "من دوێنێ بەڕۆژووبووم، بەڵام چەند کەسێکی عەرەب کە عەرەبی سووری، عێراقی، یەمەنی و جەزائیری بوون، هاتن و گوتیان کوردی رۆژئاوا کافرن و رۆژووناگرن، ئیدی شەڕ روویدا، پاشان عەرەبەکان هەڵاتن و هەموویان یەکیانگرت و بۆ گەنجە کوردەکان هاتنەوە و شەڕێکی سەخت روویدا".

محەممەد خەلیل زیاتر باسی رووداوەکە دەکات و، دەڵێ "ئەوانەی شەڕیان دەکرد 100 کورد و سەدان عەرەب بوون، لە ئەنجامیشدا 17 کورد بریندار بوون، کە برینی 10ـیان سەختە، عەرەبەکانیش برینداریان هەیە، بەڵام ئەوان نەیانوێراوە بریندارەکانی خۆیان ببەن بۆ نەخۆشخانە، لەترسی ئەوەی دەستگیرنەکرێن، چونکە سەرەتا ئەوان دەستیان بە شەڕەکە کرد".

لەبارەی ئەو زانیارییەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە و دەگوترێت کە چوار گەنجی کورد لە شەڕەکەدا کوژراون، محەممەد دەڵێ" من خۆم لەو کەمپەم و ئەو هەواڵە راست نییە، چونکە هیچ کەسێکی کورد یان عەرەب لە شەڕەکەدا نەکوژراوە، بەڵام کەس هەیە بە سەختی بریندار بووە".

گۆران مەولوود کوردێکی دیکەی دانیشتووی ئەسینایە لە یۆنان، ئەو دەڵێ "بەهۆی دەمەقاڵێی بچووکەوە زۆرجار شەڕ لەنێوان کۆچبەرانەوە دروست دەبێت، بۆ نموونە هەر شەوی رابردوو بەهۆی شەڕێکی دیکەوە کۆچبەرێکی دیکەی کورد لە کەمپێکی یۆنان بریندار کراوە".