وەزیرێکی ئۆکراینا لەسەر گەندەڵی دەستگیر دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

داواکاری گشتیی ئۆکراینا دەڵێت، وەزیری کشتوکاڵی وڵاتەکە لەسەر گەندەڵییەکی حەوت ملیۆن دۆلاری دەستگیرکراوە و دادگایی دەکرێت.
 
رۆژی هەینی 26-04-2024 داواکاری گشتیی ئۆکراینا رایگەیاند، "میکۆلا سۆلسکی، وەزیری کشتوکاڵی ئۆکراینا، کاتێک سەرۆکی کۆمپانیایەکی کشتوکاڵی و ئەندام پەرلەمان بووە، دەستی بەسەر زەوییەکدا داگرتووە، کە بەهاکەی حەوت ملیۆن دۆلار بووە."
 
دادگەیەکی ئۆکراینا فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ سۆلسکی دەرکردووە و تاوەکو 24-06-2024 لە زیندان دەمێنێتەوە، ئەگەر بیەوێت بە کەفالەت لە زیندان بێتە دەرەوە دەبێت 1.9 ملیۆن دۆلار بدات.
 
میکۆلا سۆلسکی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاندووە و بەڵێنی داوە "لە لێکۆڵینەوەکان هاوکار بێت."
 
سۆلسکی خاوەن چەند کۆمپانیایەکی کشتوکاڵی بوو، لە 2019 وەک ئەندام پەرلەمانی ئۆکراینا دەستنیشانکرا و لە ئاداری 2022ـش ئەرکی وەزیری کشتوکاڵی پێدرا.
 
لەوەتەی جەنگی ئۆکراینا-رووسیا لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، چەندین کەیسی گەندەڵی لەسەر ئاستی مامناوەندی حکومی هەبووە.
 
پار، ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، ئۆلێسکی رۆزنیکۆڤ، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی لەسەر "گەندەڵیی دامەزراندن" لە کارەکەی دوورخستەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی چوارشەممە، 24-04-2024، میدیای دادگەی مۆسکۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکانییەوە رایگەیاند: تیمور ئیڤانۆڤ، جێگری وەزیری بەرگریی رووسیا، بە تۆمەتی وەرگرتنی "بڕێکی زۆری بەرتیل" دەستبەسەرکراوە. لە ئەگەری ساخبوونەوەی ئەو تۆمەتە، دادگەکە دەڵێت، "دەکرێت بە 15 ساڵ بەندکردن سزا بدرێت."
 
دادگەی مۆسکۆ دەڵێت، لێکۆڵەران گومان دەکەن ئیڤانۆڤ "لە رێگەی بەڵێندەرایەتی و چەند گرێبەستێکەوە کە بۆ وەزارەتی بەرگریی رووسیا کراون، بڕێکی زۆری بەرتیلی وەرگرتووە."
 
میدیای رووسیا دەڵێت، "ئیڤانۆڤ لانیکەم تاوەکو 23ـی حوزەیران بە دەستبەسەری دەمێنێتەوە ئینجا دادگایی دەکرێت. ئیڤانۆڤ لەو ماوەیە لە زیندانی لێفۆرتۆڤۆ لە مۆسکۆ دەمێنێتەوە."
 
تیمور ئیڤانۆڤی تەمەن 48 ساڵ ئەرکی سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی سەربازیی و وەرگرتنی سەربازیی نوێی پێ راسپێردرابوو بۆ هێزە چەکدارەکانی رووسیا. 
 
ئیڤانۆڤ لە 2016ـەوە جێگری وەزیری بەرگریی حکومەتەکەی ڤلادیمیر پووتینە و پێش ئەو پۆستە، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی مۆسکۆ بوو.