رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی چین بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رادەگەیەنێت پێویستە ئەوان هاوبەشبن نەک رکابەر. دەشڵێت: "بواری ئەوە ماوە هەوڵ بۆ چارەسەر بدەین."
رۆژی هەینی، 26-04-2024، شی جین پینگ، سەرۆکی چین و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیجینگی پایەختی چین کۆبوونەوە و سەرۆکی چین گوتی: "لە دوایین کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دوو وڵاتەکە هەندێک بەرەوپێشچوونی ئەرێنییان هەبووە. پێویستە چین و ئەمریکا هاوبەشبن نەک رکابەر."
شی جین پینگ هەروەها گوتی: "هێشتا چەند کێشەیەکمان هەن دەبێت چارەسەر بکرێن، هێشتا بواری ئەوە ماوە هەوڵ بۆ چارەسەر بدەین. ئێمە هیوادارین ئەمریکا بە چاوێکی ئەرێنییەوە لە گەشەی چین بڕوانێت."
ئەمە دووەم سەردانی بلینکنە بۆ چین لە کەمتر لە ساڵێکدا. بەرپرسێک لە شاندەکەی ئەمریکا بۆ چین گوتی: "وەزیری دەرەوە چەند پرسێکی تایبەت بە رووسیا، تایوان و بازرگانی راستەوخۆ لەگەڵ سەرکردە چینییەکان دەخات بەر باس."
پێش ئەوە، لە کۆبوونەوەی نێوان بلینکن و وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین؛ ئەوەی دووەمیان گوتوویەتی: "پرسی تایوان هێڵی سوورە و نابێت بێتە نیو پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا."
وانگ هەروەها بە بلینکنی راگەیاندووە، پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکە، بەتایبەت لە دوای کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆک لە تشرینی دووەمی پار، "بەرەو سەقامگیری دەچێت."
وەزیری دەرەوەی چین جیا لەوە باسی "فاکتەرە نەرێنییەکان"ـی نێوان هەردوو زلهێزی کردووە و داوای لە ئەمریکا کردووە "رێز لە مافی گەشەی چین بگرن و بەرژەوەندییەکانمان سەرکوت مەکەن."
بابەتی قەدەخەکردنی ئاپی تیکتۆک کە کۆمپانیای بایت دانسی چینی خاوەنیەتی، کاردانەوەیەکی زۆری دروستکردووە.
رۆژی چوارشەممە، 24-04-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر پڕۆژەبڕیارێک کرد کە یاسایەکی تایبەت بە قەدەخەکردنی تیکتۆکی تێدابوو.
لە یاساکە هاتووە، ئەمریکا مۆڵەتی 9 مانگ دەداتە تیکتۆک بۆ ئەوەی پشکەکانی بفرۆشێتە کۆمپانیا ئەمریکییەکان یان دادەخرێت.
ئەمریکا دەڵێت، چین تیکتۆک بەکاردەهێنێت بۆ "سیخوڕی" بەسەر سەدان ملیۆن ئەمریکییەوە. ئاپەکەش ئەوە رەتدەکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە هاوتا چینییەکەی گوتووە: "پێویستە تا بکرێت روونبین لەسەر ئەو بابەتانەی هاوڕا نین لەسەری. ئەمەش بۆ ئەوەی لە هەڵەتێگەیشتن لەیەکدی دووربن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ