دوو برای سووری بەگومانی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی "کردەی تیرۆریستی" لە ئەڵمانیا دەستگیر دەکرێن

26-04-2023
لهۆن نەسرەدین
تاوەکو ئێستا ناوی دوو برا سوورییەکە ئاشکرا نەکراوە
تاوەکو ئێستا ناوی دوو برا سوورییەکە ئاشکرا نەکراوە
نیشانەکردن ئەڵمانیا سووری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا، هێزەکانی پۆلیس دوو برای سوورییان دەستگیر کرد کە تۆمەتبارن بە "ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی".
 
گومانلێکراوی سەرەکی لە ماڵێکدا لەگەڵ بەشار عوقلە، هاووڵاتییەکی سووریی تەمەن 34 ساڵ ژیاوە، کە وەک خۆی دەڵێت ئاگای لە هیچ نەبووە.
 
بەشار عوقلە باسی ئەو کاتە دەکات کە هێزە ئەمنییەکان هاتوون و ئەو گەنجە سوورییەیان دەستگیرکردووە، دەڵێ "هێزەکانی پۆلیس دەرگاکەیان شکاند و هاتنە ژوورەوە. من لێرە دەخەوتم، چەکیان لەسەر سەرم دانا و گوتیان بێ دەنگ دانیشە؛ پرسیارم کرد چی بووە؟ گوتیان بێدەنگبە".
 
تاوەکو ئێستا ناوی ئەو دوو برایە ئاشکرا نەکراوە. ئەوەی کە زانراوە؛ گومانلێکراوی سەرەکی تەمەنی 28 ساڵە و دانیشتووی شاری هامبۆرگە، ئەو ویستوویەتی پشتێنێکی بۆمبڕێژکراو دروست بکات.
 
هەروەها براکەی کە 4 ساڵ لە خۆی بچووکترە و دانیشتووی شارۆچکەی کێمپتنـە لە هەمان شار، هاوکاریی کردووە و هانیشی داوە.
 
بەشار عوقلە لەبارەی گومانلێکراوە سەرەکییەکە باسی ئەوە دەکات "کەسێكی ئاسایی بوو. دەچووە مزگەوت، بەڵام سەردانی هۆڵی وەرزشیشی دەکرد، لەگەڵ هاوڕێکانی بەشداری ئاهەنگەکانیان دەکرد و جار جاریش لێرە لە رۆژانی پشوودا کۆدەبوونەوە. کەسانی ئاسایی بوون".
 
لێدی ئەشتەرینگ، گوتەبێژی نووسینگەی داواکاری گشتیی هامبۆرگ لەو بارەیەوە لێدوانی دا و، گوتی "هەردوو گومانلێکراو تۆمەتی پلاندانان بۆ ئەنجامدانی تەقینەوەیان لەسەرە. ئەو گومانلێکراوەی لە هامبۆرگ دەژی، ویستوویەتی بە دەستی خۆی پشتێنی بۆمبڕێژکراو دروست بکات، بۆ ئەو مەبەستەش هەندێ پێکهاتەی کیمیایی و چەند کەرەستەیەکی دیکەی کڕیوە. براکەی هاوکاری کردووە و هانیشی داوە و لە رووی دەروونیشەوە پشتگیری زۆری کردووە؛ روونە کە ویستوویانە خەڵکێك بکوژن کە بە کافر دایان دەنێن".
 
نانسی فێزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە دەریدەخات هێشتا مەترسی تووندڕۆیی هەیە و ئەڵمانیا هێشتا ئامانجی راستەوخۆی رێکخراوە  "تیرۆریستییەکانە"، داواشی لە هێزە ئەمنییەکان کرد لە ئاست هەڕەشەکان وریاتر بن و بە جیدیتر بڕواننە زانیارییە ئەمنییەکان.
 
دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتییە سوورییانە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو، پۆلیسی ئەڵمانیا لە رۆژئاوای وڵاتەکە، کەسێکی دیکەی بە رەچەڵەک سووریی دەستگیرکرد کە بە چەقۆ هێرشی کردبووە سەر هۆڵێکی وەرزشی و، چوار هاووڵاتیی ئەڵمانی بریندار کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاگر لە دارستانەکانی مەسەدۆنیای باکوور

ئاگر لە مەسەدۆنیای باکوور زیاتر لە 100 هێکتار رووبەری دارستان دەسووتێنێت

دارستانی نۆڤۆ سێلۆ لە باشووری مەسەدۆنیای باکوور، لە سەرەتای ئەم مانگەوە چەندینجار ئاگری تێدا کەوتووەتەوە. لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە ئاگر لە مەسەدۆنیای باکوور زیاتر لە 100 هێکتار رووبەری دارستانی سووتاندووە