ژنێکی بەساڵاچوو: ترەمپ دەستدرێژیی سێکسیی کردە سەرم

26-04-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جارێکی دیکە لەلایەن ژنە رۆژنامەڤانێکەوە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسیی دەدرێتە پاڵ، ژنە رۆژنامەڤانەکە دەڵێت، 27 ساڵ لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ لە ژوورێکی خۆگۆڕینی دووکانێکی جلوبەرگدا دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر.
 
رۆژی چوارشەممە 26-04-2023 جین کارۆڵ، رۆژنامەڤان و نووسەری ئەمریکی، کە ئێستا تەمەنی 79 ساڵە، چووە بەردەم دادوەر و داوای یاسایی لەسەر دۆناڵد ترەمپ بەرز کردەوە، کە بە گوتەی خۆی لە ساڵی 1996 دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر. بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروز" بەشێوەیەکی تەنزئامێز وەڵامی تۆمەتەکانی داوەتەوە.
 
ژنەکە لەبەردەم دادوەردا لە دادگەی مانهاتنی ئەمریکا گوتی، "من لێرەم چونکە دۆناڵد ترەمپ دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەرم، کاتێکیش لەبارەیەوە نووسیم، درۆی کرد و گوتی: شتی وا رووینەداوە." کارۆڵ دەشڵێت، ترەمپ ناوبانگی لەکەدار کردووە و دەیەوێت بە بەرز کردنەوەی داواکەی "ژیانی بگەڕێنێتەوە."
 
جین کارۆڵ داوای قەرەبوو لە دۆناڵد ترەمپ دەکات، بەڵام باسی نەکردووە چی دەوێت.
 
کارۆڵ چیرۆکی خۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە، لە کۆتایی 1995 یان سەرەتای 1996 لە پێشانگەیەکی جلوبەرگی گرانبەهادا لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا ترەمپی بینیوە.
 
لەو کاتەدا ترەمپ داوای لێکردووە یارمەتیی بدات لە هەڵبژاردن و کڕینی دەستێک جلوبەرگی ژێرەوە، یاخود جلوبەرگی سەرجێیی ژنان بۆ یەکێک لە هاوڕێ ژنەکانی خۆی.
 
کارۆڵ دەڵێت، ترەمپ بە دەنگێکی نەرم و نیان قسەی کردووە، بە جۆرێک کە مەبەستی خراپ بێت و دواتر داوای لێکردووە جلوبەرگەکەی بۆ تاقیبکاتەوە تاوەکو ببینێت کە چۆنە، کارۆڵیش بە گاڵتەوە پێی گوتووە، "خۆت تاقیبکەرەوە."
 
بە گوتەی ژنە 79 ساڵەکە، لەو کاتەدا ترەمپ بە لێزانییەوە ژنەکەی بەرەو ژوورێکی خۆگۆڕینی ناو پێشانگەی جلوبەرگەکە بردووە. دواتر چووەتە ژوورەوە و دەرگاکەی لەسەر داخستووە.
 
لە درێژەی چیرۆکەکەیدا کارۆڵ دەڵێت، ترەمپ سەری ناوە بە دیوارەکەوە و جلەکانی ژێرەوەی لەبەر داکەندووە، دواتر "ترەمپ پەنجەی بە زێمدا کرد، زۆر زۆر بە ئازار بوو. پاشان ئەندامی نێرینەشی پێدا کرد." دەشڵێت، "کە ئێستا لێرە دانیشتووم، هێشتا دەتوانم هەست بە ئازارەکە بکەم."
 
کارۆڵ لە دادگە لە کاتی باسکردنی دەستدرێژییەکەدا دەستی بە گریان کرد. دادوەر پرسیاری لێکردووە، "بە ترەمپت گوت مەکە؟" لە وەڵامدا دەڵێت، "بیرم نایەت، لەوانەیە پێم گوتبێت."
 
دەشڵێت بۆیە لەو کاتەدا بابەتەکەی باس نەکردووە، ترساوە کارەکەی لەدەستبدات یان ترەمپ تۆڵەی لێبکاتەوە. بە گوتەی خۆی، لەدوای ئەو رووداوەوە هەرگیز نەیتوانیوە ژیانێکی سۆزداریی راستەقینە لەگەڵ کەسدا دروستبکات.
 
کارۆڵ رۆژی رووداوەکەشی بیر نییە، دەڵێت پێیوایە پێنجشەممە بووە، بەڵام دڵنیا نییە.
 
شەش پیاو و سێ ژنە دادوەر کار لەسەر دۆسیەکەی ترەمپ دەکەن و بڕیار لەبارەی ئەوە دەدەن ئایا ترەمپ بەرپرسیارە لە تاوانەکە یان نا؛ لەوانەیە دوو هەفتە بخایەنێت.
 
رۆژی چوارشەممە 26ی نیسان، ترەمپ لە وەڵامی تۆمەتەکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروز" لە پۆستێکدا نووسیویەتی، "کەس بڕوا دەکات من ژنێکی نزیک 60 ساڵ کە نەمناسیوە، لەبەردەم دووکانێکی قەرەباڵخەوە ببەمە ژوورێکی تەسکی خۆگۆڕین؟ ئەی نەیقیژاند؟ کەس نەیبینی؟" ترەمپ لەبارەی ئازاردانی ژنەکەوە لەنێوان دوو کەوانەدا نووسیویەتی، "من زۆر بەوە ناسراوم کە بە نەرمی سێکس دەکەم."
 
ترەمپ تەواوی ئەو تۆمەتانەی کارۆڵ بە "تەڵەکەبازییەکی دروستکراو" ناودەبات. لویس کاپڵان، دادوەری دۆسیەکە دەڵێت، ئەگەر ترەمپ لەوە زیاتر لەبارەی دۆسیەکەوە بدوێت، لەوانەیە دووچاری بەرپرسیارێتی یاسایی بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە