حکومەتی هیندستان بۆ 50 خێڵ و هۆز لە ویلایەتی ئاسام: نەیسەلمێنن هیندین لە وڵات دەردەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 50 خێڵ و هۆز لە ویلایەتی 'ئاسام' لە باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان، بەشێکی بچووکن لەنێو چەندین پێکهاتەی دیکەی وڵاتەکە کە مەترسیی دەرکردنیان لەسەرە.
 
بەشێک لەو خێڵانە سەماکردن، جلوبەرگ و زمان و کولتووریان هیندییە و تەنانەت بە هیندیش بیردەکەنەوە؛ بەڵام حکومەتە راستڕۆکەی هیندستان پێی راگەیاندوون، ئەگەر نەتوانن ناسنامەکانیان بسەلمێنن، لە هیندستان دەردەکرێن و رەوانەی بەنگلادیش دەکرێن.
 
کریشنا بیسواس، گوندنشین دەبێت بەڵگەنامەکانی حەفتاکانی سەتەی رابردوو هەڵبداتەوە، ئەگەر نەتوانێت بیسەلمێنێت بە بنەچە هیندییە، لەوانەیە ناسنامە لە 11 ئەندامی بنەماڵەکەی وەربگیرێتەوە؛ ئەو دەڵێت، "ئەگەر من هیندی نەبم با بمکوژن. با هەموو خێزانەکەم کۆمەڵکوژ بکەن."
 
نزیکەی دوو ملیۆن کەس کە زیاترن لە 5%ی دانیشتووانی هیندستان، لە ویلایەتی ئاسام مەترسییان لەسەرە ناسنامەی هیندستانیان لێوەرگیرێتەوە.
 
حکومەتە راستڕەوەکەی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە سەروبەندی هەڵبژاردنی گشتی کە بڕیارە لە ئایاری 2024 بەڕێوەبچێت، دەیەوێت بە جووڵاندنی هەستی نەتەوایەتی سەرکەوتنێکی دیکە بۆ پارتەکەی مسۆگەر بکات.
 
زۆربەی ئەو خەڵکە لە ویلایەتی ئاسام هەرچەندە دایک و باوکیان لەوێ لەدایکبوون، بەڵام بەرپرسان دەڵێن، دەبێت بیسەلمێنن کە باپیرانیشیان لەوێ لەدایکبوون، ئەو سەلماندنە بۆ ئەوانە قورسە کە بە بنەچە بەنگلادیشین.
 
ساموجال بهاتاچاریا، راوێژکاری باڵا لە یەکێتیی قوتابیانی ئاسام دەڵێت، "ئاخۆ هیچ هاووڵاتییەکی هیندی ئامادەیە لە وڵاتی خۆی وەکو هاووڵاتیی پلە دوو بمێنێتەوە؟ ئێمە ناتوانین و واش نامێنینەوە."
 
بابەتی لێکۆڵینەوە لە بنەچە و رەسەنایەتیی ناسنامە تەنیا لە هیندستان نییە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسایب ئەهل حەق لە عێراق لە 23ی نیسانی ئەمساڵ رایگەیاند کە سەدام حوسێن بە رەچەڵەک خەڵکی هیندستان بووە. ئەمەش لە کاتێکدایە گوایە سەدام حوسێن لە هەشتاکانی سەتەی رابردوودا گوتوویەتی، شیعەکان بە رەچەڵەک خەڵکی هیندستانن.
 
لە کاتێکدا ئەمان یەکدی بە هیندی بوون تۆمەتبار دەکەن، ئاسیا خاتوون لە ویلایەتی ئاسام رۆژانە 31 کیلۆمەتر بە پیادە دەبڕێت بۆئەوەی لە گرتووخانە سەردانی مێردەکەی بکات کە بە گوتەی خۆی لەسەر ئەوە گیراوە گوایە هیندی نییە و بە رەچەڵەک بەنگلادیشییە.