ئەمازۆن باڵەخانەیەک لەسەر شێوەی منارەی مزگەوتێکی عێراق دروستدەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی کەرتی ئارلینگتۆنی ویلایەتی ڤێرجینیا رەزامەندی لەسەر دروستکردنی باڵەخانە نوێیەکەی کۆمپانیای ئەمازۆن دەربڕی، کە دیزاینەکەی لە منارەی لوولپێچی مزگەوتی سامەڕا لە عێراق وەرگیراوە، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "باڵەخانەکە تێکەڵەیەکی جوانە لە شێوە و کەڵك و تەکنەلۆژیایی هاوڕێی ژینگە، دیزاینەکەشی بیرهێنەرەوەی منارە پێچاوپێچەکەی مزگەوتی گەورەی سامەڕایە".
 
رۆژی 23ی نیسانی 2022، ئەنجوومەنی کەرتی ئارلینگتۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکۆی دەنگی هەر پێنج ئەندامەکەی، رەزامەندی دا لەسەر پەسندکردنی پلانێکی کۆمپانیای ئەمازۆن، کە لە مانگی شوبات  ساڵی 2021 پێشکەشی کردبوو بۆ دروستکردنی قولەیەکی ناوازە بۆ ئەوەی ببێتە دووەم بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکە لە باکووری ویلایەتەکە.
 
باڵەخانە نوێیەکەی کۆمپانیاکە تەواو لە قولەی لوولپێچی منارەی مزگەوتی سامەڕا لە پارێزگای سەڵاحەدین دەچێت، جگە لە رەنگ و بەرزییەکەی نەبێت کە جیاوازە، جگە لە قولەکە پارک و قوتابخانەش لەخۆدەگرێت، باڵەخانەکە لەشێوەی قوڵەیەکی لوولپێچی دەوردراوە بە دار و رووبەری سەوزایی، بەرزییەکەی باڵەخانەکە 106 مەتر دەبێت.
کۆمپانیای ئەمازۆن لە بارەی باڵەخانە نوێیەکەیەوە دەڵێت: "باڵەخانەکە بەشێوەیەک دروستکراوە  هاریکاری خەڵک بێت بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ ژینگە و کاردەکەین باڵەخانەکە لە ساڵی 2025 تەواوببێت."
 
کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لەبارەی دروستکردنی باڵەخانەکەی کۆمپانیای ئەمازۆن نووسیویەتی: "لەسەر ئاستی جیهاندا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشەنگە لە بونیادنانی ئەو باڵەخانانەی لە مادەی خاوی دووبارە بەکارهاتوو دروستدەکرێن و هاوڕێی ژینگەن. نموونەیەکی نایابی ئەمەش بارەگای نوێی کۆمپانیای ئەمازۆنە لە شاری ئارلینگتۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیا لە ئەمریکا کە دەست بە دروستکردنی کراوە."
هەروەها دەڵێت: "ئەم بارەگایە بڕوانامەی پلاتینیۆم لید (Platinum LEED)ی هەیە و بەتەواوەتی پشت بە وزەی نوێبووەوە دەبەستێت. ئەم بارەگایەی ئەمازۆن دەبێتە شوێنی نوێی 25 هەزار کارمەندی کۆمپانیاکە. بیناکە تێکەڵەیەکی جوانە لە شێوە و کەڵك و تەکنەلۆژیایی هاوڕێی ژینگە و دیزاینەکەشی بیرهێنەرەوەی منارە پێچاوپێچەکەی مزگەوتی گەورەی سامەڕایە کە لە سەدەی نۆدا لە سەردەمی خەلافەتی عەباسیدا دروستکراوە."
 
باڵەخانەی کۆمپانیای ئەمازۆن لە دیارترین سیما دیارەکانی ئارلینگتۆن دەبێت و هاوشێوەی مۆنۆمێنتی واشنتن کە ساڵی 1885 دروستکراوە، کە بەرزییەکەی 169 مەترە.
 
بەپێی ئەوەی ئەمازۆن رایگەیاندووە قولەکە نزیکە لە قولەی منارەی مزگەوتێک کە خەلیفە متەوەکل بیللای عەباسی لە ساڵی 851ی زایینی دروستیکردووە و بەرزییەکەی دەگاتە 52 مەتر، کە بەلای توێژەرانەوە یەکێکە لە دیارترین ئەو شتانەی عەباسییەکان دروستیان کردووە و لەنێوان ساڵانی 848 تاوەکو 852 ی زایین دروستکراوە.
 
کۆمپانیای ئەمازۆن شوباتی ساڵی 2021 پلانی خۆی بۆ جێگیرکردنی قۆناخی دووەمی گەشەپێدان بە کۆمپانیاکەی راگەیاند، لەنێویاندا ئەم باڵەخانەیەی ئەمازۆن، کە تێچووەکەی 2 ملیار دۆلار بێت.
 
لوولپێچی سامەڕا، دەلیل بن یەعقوبی دیزاینی کردووە کە چەندین باڵەخانەی لە سەردەمی عەباسییەکاندا دیزاین و بونیادناوە، لوولپێچەکە لە خشت دروستکراوە و 27 مەتر و 25 سانتیمەتر لە دیواری باکووری مزگەوتەکەوە دوورە. بنکەکەی چوارگۆشەیە و 33 مەتر دەبێت و بەرزیی بنکەکەی 3 مەتر دەبێت.
 
مزگەوتی لوولپێچ یان"ملوية" وەکو ئەوەی لەعێراق پێیدەناسرێت، یەکێکە شوێنەوارەکانی عێراق، لەلایەن خەلیفەی عەباسی متەوەکل بیللای کوڕی خەلیفە موعتەسیم بیللا لەسەر  رووبەری 27 هەزار و 920 مەتر چوارگۆشە دروستکراوە.
 
منارەی مزگەوتەکە لە دیارترین سیما شوێنەوارییەکانی شارستانییەتی عەباسییەکانە و لە جیهانی ئیسلامیدا بە ناوازەکان دادەنرێت، لوولپێچەکە لە پێنج نهۆم پێکدێت و فراوانییەکەی لەگەڵ بەرزبوونەوە کەمدەبێتەوە. بە 399 پلیکانە کە دوو مەتر بەرینن دەگەیتە لوتکەی لوولپێچەکە. لە سەرووی لوولپێچەکە شوێنێک هەیە، کە لەلای خەڵکی سامەڕا بە باڵجۆن دەناسرێت و بانگدەر لەوێ بانگی دەدا.