سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا: پێدانی مافی پەنابەری رادەگرین

26-03-2025
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند، حکومەت بە بریارێک پێدانی مافی پەنابەری بە کۆچبەران رادەگرێت، ئەمە لەکاتێکدایە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە زیادیکردووە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵاند لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ئەمشەو حکومەت بە بڕیارێک داواکردن بۆ مافی پەنابەری رادەگرێت." دەشڵێت، ئەم بریارە "بەبێ دواکەوتن" جێبەجێدەکرێت. 
 
ئەو گوتانەی سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا دوای ئەوە هات، کە ئەندریا دودا، سەرۆکی وڵاتەکە رایگەیاند، پڕۆژەیاسایەکی واژۆکرد، کە رێگە بە حکومەت دەدات بە شێوەیەکی کاتی پێدانی مافی پەنابەری سنووردار بکات. 
 
سەرەتای ئەم مانگە ئەنجوومەنی پیرانی پۆڵەندا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاساکەی پەسندکردبوو. 
 
بەگوێرەی پاسەوانی سنووری پۆڵەندا، پار 15 هەزار پەناخواز داوای مافی پەنابەرییان کرد کە ئەمە 72٪ لە ساڵی 2016 زیاترە. یەک لەسەر سێی ئەوانەی پار داوای مافی پەنابەرییان کرد هاووڵاتیی بێلارووس و رووسیا بوون. ئەمەش دوای ئۆکراینییەکان زۆرترینە. 
 
زۆرینەی پەناخوازەکانی پار لە بێلارووسەوە چووبوونە پۆڵەندا. وارشۆ و حکومەتی وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا، مۆسکۆ و مینسک بە بەکارهێنانی کۆچبەران وەکو چەکێک دژی وڵاتەکانیان تۆمەتبار دەکەن. 
 
ئەو بریارەی حکومەتی پۆڵەندا ناڕەزایی بەشێکی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لێکەوتووەتەوە. مانگی رابردوو، رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ داوای لە بەرپرسانی پۆڵەندا کرد رێگە بە پەسندکردنی ئەو پرۆژە بڕیارە نەدەن و ئەو هەنگاوەی بە دژی مافەکانی مرۆڤ دانا. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە