رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و عێراق لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن.
رۆژی سێشەممە 26ی ئاداری 2024 ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتنی گوت، "وەزیری دەرەوە [ئەنتۆنی بلینکن] بە روونی ئەوەی گوتووە کە سەقامگیریی ئابووری نێوان هەولێر و بەغدا سوودی ئابووری بۆ هەموو عێراقییەکان دەبێت؛ هەروەها بۆ ناوچەکەش باش دەبێت."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "ئێمە هانی هەردوو هاوبەشەکە [هەولێر و بەغدا] دەدەین کە بەیەکەوە کار بکەن."
کاژێر 9:00ی بەیانی ئەمڕۆ بە کاتی واشنتن و 4:00ی ئێوارە بە کاتی هەولێر، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن کۆبووەوە.
لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەنادەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش میلەر گوتی، "ئەمریکا لە ئاستی باڵا لەسەر ئەو پرسە لەسەر هێڵە." هەروەها گوتیشی، "داوامان لە هەموو لایەنەکان کردووە، بۆئەوەی بگەنە رێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە. پێمان وایە هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە سوودی هاوبەشی بۆ هەموو لایەنەکان دەبێت."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 26-03-2024 بڵاویکردەوە، "ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان تێپەڕیوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رێککەوت، بەڵام وێڕای ئەو رێكکەوتنەش هەناردەی نەوت دەستی پێنەکردووەتەوە و بەهۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە پرۆسەكە زیاتر ئاڵۆز كراوە."
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان باسی "نیازپاکی"ـی دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سۆنگەی نیەتپاکی و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد؛ تائێستاشی لەگەڵ بێت، یەک دیناری وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بداتەوە."
هاوکات، ئەمڕۆ سێشەممە 26-03-2024 عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی عێراق کارکردنە بۆ چارەسەری کێشەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش چەند لیژنەیەکی تەکنیکی و یاسایی لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێندراون بۆ خێراکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت.
لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە.
دوای تێپەڕبوونی ساڵێک، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور راپۆرتێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "یەک ساڵی تەواوە بۆریی نەوتی عێراق - توركیا داخراوە، راگرتنی كاریگەری كردووەتە سەر كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان و راگرتنی 450000 بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ بازاڕەكانی جیهان."
دەقی پرسیارەکانی دیار کوردە، پەیامنێری رووداو و وەڵامەکانی ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی وەزیر بلینکن و وەزیری دەرەوەی عێراق، ئایا ئەوان باسیان لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد؟ روانینی ئەمریکا سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوولایەنە چییە؟ هیچ نیگەرانییەکتان سەبارەت بەو ناکۆکییانە هەیە؟
ماتیو میلەر: بەڵێ، ئەوان ئەو پرسەیان تاوتوێ کرد. وەزیری دەرەوە [ئەنتۆنی بلینکن] بە روونی ئەوەی گوتووە، سەقامگیریی ئابووریی نێوان هەولێر و بەغدا سوودی ئابووری بۆ هەموو عێراقییەکان دەبێت، هەروەها بۆ ناوچەکەش باش دەبێت؛ هەربۆیە ئێمە هانی هەردوو هاوبەشەکە دەدەین کە بەیەکەوە کار بکەن.
رووداو: پرسیاری دووەم سەبارەت بە پرسی وزە. وەزیر بلینکنیش ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەیان باس لەو پرسە دەکەن. ساڵێک دەبێت هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستاوە. کۆمپانیا بیانییەکان لەنێویاندا، کۆمپانیا ئەمریکییەکان کارەکانیان راگرتووە و ناکۆکییەکیش لەنێوان کۆمپانیا ئەمریکییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق هەیە. ئەمریکا لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ هەموولایەنەکان گفتوگۆی کردووە تاوەکو هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە. روانینی ئێوە چییە؟ بۆچی دەستی پێنەکردووەتەوە؟ ئەمریکا چۆن کار لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و حکومەتی عێراق دەکات تاوەکو هەناردەکردنەوەکە دەستپێبکاتەوە؟
ماتیۆ میلەر: ئەمریکا لە ئاستی باڵا لەسەر ئەو پرسە لەسەر هێڵە [دەستپێکردنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان]. داوامان لە هەموو لایەنەکان کردووە بۆ ئەوەی بگەن بە رێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لەرێگەی ئەو بۆرییەوە. پێمان وایە کە هەناردەکردنەوەی نەوت لەرێگەی بۆرییەوە سوودی هاوبەشی بۆ هەموو لایەنەکان دەبێت. لەبەر ئەو هۆکارە ئێمە گرنگی پێدەدەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ