ئیسپانیا مێرمنداڵێک بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە داعشەوە دەستگیر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئیسپانیا دەڵێت، کەسێکی بە رەچەڵەک مەغریبیی تەمەن 18 ساڵیان بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی تیرۆر و هەبوونی پەیوەندی بە رێکخراوی داعش"ەوە دەستگیر کردووە.
 
رۆژی سێشەممە 26ی ئاداری 2024، پۆلیسی ئیسپانیا لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی مێرمنداڵەکەی راگەیاند و گوتی، "مێرمنداڵەکە لە 16ی ئادار لە شاری بارسێلۆنا بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە رێکخراوی داعشەوە دەستگیر کراوە."
 
پۆلیس دەڵێت، ساڵی رابردوو زانیاریی دەستکەوتووە کە مێرمنداڵەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی داعشی داوە.
 
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، چوار کەس لە سوێد هەوڵیان داوە هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و ئەو مێرمنداڵەی کە لە ئیسپانیا دەستگیر کراوە بەردەوام لەگەڵ ئەو چوار کەسە لە پەیوەندیدا بووە.
 
7ی ئەم مانگە پۆلیسی سوێد رایگەیاند، چوار کەسیان لە ستۆکهۆڵم بە تۆمەتی "ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی" دەستگیر کردووە. پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، چوار کەسەکە پەیوەندییان بە رێکخراوی داعشەوە هەبووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پۆلیسی ئیسپانیا، مێرمنداڵە دەستگیر کراوەکە پەیوەندیشی لەگەڵ ئەندامێکی داعش لە کەنەدا هەبووە، کە ساڵێک پێش ئێستا لەلایەن پۆلیسی کەنەداوە دەستگیر کراوە.