بلینکن و فوئاد حوسێن لە واشنتن: ئەمریکا و عێراق وەک هاوپەیمان دەمێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن کۆبوونەوە و پێکەوە باسیان لە چەند پرسێک کرد کە جێگەی بایەخی هەردوولان.
کاژێر 9:00ی بەیانی ئەمڕۆ بە کاتی واشنتن و 4:00ی ئێوارە بە کاتی هەولێر، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن کۆبووەوە.
پێش کۆبوونەوەکە، بلینکن و فوئاد حوسێن بۆ رۆژنامەڤانان قسەیان کرد و بلینکن رایگەیاند، "عێراق هاوبەش و هاوپەیمانێکی گرنگە. عێراق بۆ سەقامگیریی ناوچەکەش گرنگە".
هەرچی وەزیری دەرەوەی عێراقە لەبارەی پەیوەندەییەکانی بەغدا و واشنتن رایگەیاند، "لەگەڵ ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش هاوپەیمان بووین و بە هاوپەیمانیش دەمێنینەوە. هەروەها لە زۆر بواری دیکەش هەر هاوپەیمانین و ئامانجیشمان پتەوکردنی ئەو هاوپەیمانێتییە".
پرسێکی سەرەکی کۆبوونەوەی نێوان بلینکن و وەزیری دەرەوەی عێراق بریتییە لە شەڕی داعش. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "داعش هێشتا هەڕەشەیەکی راستەقینەیە. هێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی مۆسکۆ وەبیرهێنانەوەیە کە دەبێت بەردەوام بین لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی داعش".
لەبارەی سەردانەکەشی بۆ ئەمریکا، فوئاد حوسێن رایگەیاند، "لە واشنتنین بۆ ئەوەی چەندین کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بکەین".
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق لەکاتێکدایە، بڕیارە 15ی نیسان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکا بکات و لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی کۆببێتەوە.
پرسی سەرەکی کۆبوونەوەی سوودانی و بایدن داڕشتنی نەخشەڕێگەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقە بۆ قۆناخی داهاتوو.
نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستانن.