ترەمپ: هەڵبژاردنی 2024 شەڕی کۆتایی دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ وێڕای ئەوەی بەهۆی چەند تۆمەتێکەوە ئەگەری دادگاییکردنی هەیە، یەکەم گردبوونەوەی وەک کەمپینی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ساڵی 2024 دەستپێکرد و هەڵبژاردنەکەی بە "شەڕی کۆتایی" ناوبرد.
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 25ـی ئاداری 2023، بەکاتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە ئامادەبوونی سەدان هەوادار لە ویلایەتی تێکساس یەکەم کۆبوونەوەی جەماوەریی وەکو بەشێک لە کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 دەستپێکرد.
 
ترەمپ بە هەوادارانی گوت: "رکابەرەکانمان هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ تێکشکاندنی رۆحی ئێمە و شکاندنی ئیرادەمان، بەڵام شکستیان هێناوە. تەنیا بەهێزتریان کردووین و [هەڵبژاردنی] 2024 شەڕی کۆتاییە." گوتیشی کە شەڕی گەورەیان ئەو هەڵبژاردنە دەبێت. 
 
دۆناڵ ترەمپ کەمپینەکەی بە گۆرانیی Justice for All واتە "دادی بۆ هەمووان" دەستپێکرد. ئەو گۆرانییەی کە لەلایەن ژمارەیەک لەو پیاوانە دەگوترایەوە کە بەهۆی رووداوەکانی 6ـی کانوونی دووەمی 2021ـی کاپیتۆل دەستبەسەرکراون.
 
ترەمپ لە گوتارەکەیدا بەرگریی لەوانە کرد، کە هەڵیانکوتاوەتە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس لە ساڵی 2021 دا و گوتی: "ئێوە بێتاوان دەردەچن. ئەو ئاژاوەگێڕ و تاوانکارانەی کە سیستمی دادوەریمان تێکدەدەن، شەرمەزار دەبن". 
 
رۆژی 18-03-2023، ترەمپ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی، لە پۆستێکدا باسی لەوە کرد، چاوەڕێ دەکرێت دەستگیر بکرێت لە کاتێکدا کە داواکاری گشتیی ناوچەی مانهاتن چاوی لەوەیە هەندێک تۆمەت بە فەرمی ئاراستەی ترەمپ بکات، ئەگەر ئەوە بکرێت، ترەمپ دەبێتە یەکەمین سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە فەرمی تۆمەتبارکرابێت. 
 
ئەگەر بڕیاری تۆمەتبارکردنی ترەمپ درا، ئەوا تەنیا لە ئەگەری خۆبەدەستەوەنەدان دەستگیر دەکرێت، بەڵام پارێزەرانی ترەمپ پێشتر گوتوویانە، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەگوێرەی رێوشوێنە ئاساییەکان هەنگاودەنێت، بە واتەی ئەوەی کە رازی دەبێت خۆی بەدەست بنکەی پۆلیسی نیویۆرک یان نووسینگەی داواکاری گشتیی مانهاتنەوە بدات، بەڵام تائێستا هیچ بەڵگەیەک نییە، کە داواکاری گشتی بە فەرمی پەیوەندیی بە ترەمپەوە کردبێت بۆ ئەوەی هۆشداریی دەستگیرکردنی پێ بدات. گوتەبێژێکی ترەمپ رۆژی شەممە رایگەیاند، هیچ ئاگاداریێکی لەو شێوەیە ئاراستەی نەکراون.