بایدن بۆ کۆنگرێس: ناوەندەکانی سەر بە ئێرانمان کردە ئامانج

26-03-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو - هەولێر

جۆ بایدن لە نامەیەکدا، بەشێوەیەکی فەرمی کۆنگرێس لە هێرشی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا ئاگاداردەکاتەوە و دەڵێت، ئامانجی هێرشەکانیان ناوەندەکانی گرووپی سەر بە ئێران بووە. 
 
درەنگی شەوی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی بۆ هەریەک لە ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نارد و تێیدا ئامانجی هێرشی رۆژی 23ـی ئاداری روونکردەوە. 
 
بایدن دەڵێت، هێزەکانیان "ناوەندەکانی فەرمان و کۆنتڕۆڵ، کۆگەی تەقەمەنی کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە بەکاردەهاتن" کردووەتە ئامانج و باس لەوە دەکات کە هەوڵیانداوە ژیانی خەڵکی سڤیل نەخەنە مەترسییەوە. 
 
بایدن لە نامەکەیدا دەڵێت: "هەروەکو پێشتر رامگەیاندووە، گرووپە میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران زنجیرەیەک هێرشیان لە دژی سەرباز و ناوەندەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا کردووە." 
 
رۆژی 23ـی ئادار، هێزەکانی ئەمریکا لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بە درۆن کرانە ئامانج و بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون، کە پێنجیان سەرباز بوون. 
 
بایدن دەڵێت، ئەو جۆرە هێرشانە ژیانی سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەخەنە مەترسییەوە.
 
بۆیە، لە نامەکەیدا بۆ کۆنگرێس، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "لەسەر فەرمانی من، رۆژی 23ـی ئاداری 2023 هێزەکانی ئەمریکا لە وەڵامی ئەم زنجیرە هێرشانە و هەڕەشە بەردەوامەکان لەبارەی هێرشی داهاتوو، چەند هێرشێکیان لە رۆژهەڵاتی سووریا کرد." 
 
دوای ئەوە، پێنتاگۆن رایگەیاند، سێ پێگەی گرووپە چەکدارەکانیان کردووەتە ئامانج، کە بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان بەهۆیەوە 19 چەکدار کوژراون. 
بایدن ئاماژە بەوە دەکات مەبەست لەم هێرشە رێگریکردنی "ئێران و گرووپە میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانە لە ئەنجامدان و پاڵپشتیکردنی هێرشی زیاتر بۆ سەر ناوەند و سەربازەکانی ئەمریکا". 
 
سەرۆکی ئەمریکا باس لەوە دەکات، ئەمریکا ئەو هێرشە بەگوێرەی مادەی 51ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرگریکردن لەخۆی، کردووە. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە