بە جلی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە دژی کۆمەڵکوژییەکەی جندرێس لە کۆڵن خۆپێشاندان دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

لە بەردەم کۆنسوڵخانەی تورکیا لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، بەشێک لە هاونیشتمانییان بە جلی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە دژی کۆمەڵکوژیی چوار هاونیشتمانییەکەی جندرێس خۆپێشاندانیان کرد و داوایان کرد گرووپە چەکدارەکان لە عەفرین و جندرێس بچنە دەرەوە.
 
رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە دەڵێن، کەسانی سەربەخۆن و ئەنەکەسە پشتیوانییان دەکات. حەسەن مەجید، یەکێک لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکەی کۆڵن بە رووداوی گوت، "دەمانەوێت دەنگی خۆمان بخەینە پاڵ دەنگی ماڵباتی شەهیدان، دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی سەرهەڵدانی عەفرین و جندرێس و دەمانەوێ جیهان دەنگمان ببیستێت. ئەمڕۆ لە بەردەم کۆنسوڵخانەی تورکیا راوەستاوین، بە هاوکاریی ئەنەکەسە، بەڵام ئێمە کەسانی سەربەخۆ بە چالاکییەکە هەستاوین."
 
بەشێک لە کەسایەتییەکانی رەوەندی کوردیش لەنێو خۆپێشاندانەکەدا بوون. لە خۆپێشاندانەکەدا گۆرانیی کوردی گوترایەوە و ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە. داواکاریی خۆپێشاندەرانیش چوونەدەرەوەی هێزە چەکدارەکان بوو لە عەفرین و جندرێس.
 
خالیدە عوسمان، هاونیشتمانیی خەڵکی عەفرین و نیشتەجێی ئەڵمانیا بە رووداوی گوت، "دەمانەوێت ئەم چەکدارانە لە عەفرین بچنە دەرەوە. ئەم زووڵم و ستەمەی لە عەفرین روودەدات ناهەقییە دژ بە گەلی کورد، گەنجەکانمان دەمرن و دەکەونە زیندانەکان و لەوێ ستەمیان بەرامبەر دەکرێت."
 
زەعفەت حنان، هاونیشتمانییەکی خەڵکی عەفرینە و باس لەوە دەکات، "داواکاریی ئێمە لە هەموو وڵاتان ئەوەیە کە رێز لە ئازادیی ئێمە بگیرێت، خودا بەمشێوەیە ئێمەی دروستکردووە. بۆچی باسی ئازادی دەکەن؟ ئازادی بەمشێوەیە نییە. ئازادی ئەوە نییە بچیت خەڵکی بێ تاوان بکوژی."
 
نوێنەری ئەڵمانیا لە سووریا دوای چوار رۆژ لە کۆمەڵکوژییەکەی جندرێس لە تویتەر سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد و داوای کرد کە تۆمەتبارانی رووداوەکە سزا بدرێن.