پەرلەمانی هەنگاریا ئەندامبوونی سوێدی لە ناتۆ پەسند کرد

26-02-2024
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی هەنگاریا بە زۆرینەی دەنگ ئەندامێتیی سوێدی لە رێکخراوی ناتۆ پەسندکرد؛ بەوەش هیچ بەربەستێك لەبەردەم پرۆسەی ئەندامبوونی سوێد لە رێکخراوی ناتۆ نەما.
 
دوای زیاتر لە 21 مانگ لە وەرگرتنی داواکەی سوێد و فینلاند بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ کە لە 18ی ئایاری 2022دا بوو، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 26-2-2024، بە 88 دەنگی "بەڵێ" و شەش دەنگی "نەخێر"، پەرلەمانی هەنگاریا ئەندامێتیی سوێدی پەسند کرد.
 
پێشتر فینلاند لە 4ی نیسانی 2023دا بە فەرمی بووە 31ـەمین ئەندامی ناتۆ، لە هەنگاوێك وەک شکستێكیی ستراتیژی بۆ رووسیا تەماشا کرا کە زیاتر لە هەزار و 340 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە.
 
بە پەسندکردنی ئەندامێتیی سوێد، ژمارەی ئەندامانی رێکخراوی ناتۆ دەبێتە 32 ئەندام.
 
ئولف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد پێشوازیی لە بڕیارەکەی پەرلەمانی هەنگاریا کرد و بە "رۆژێکی مێژوویی" بۆ وڵاتەکەی ناوبرد.
 
لە 18 مانگی رابردوودا، جگە لە ناڕەزایەتیی هەنگاریا؛ پەسندکردنی ئەندامێتیی سوێد رووبەڕووی ناڕەزایەتیی تورکیاش بووەوە کە ئەنقەرە رەزامەندییەکەی بە کۆمەڵێك مەرج لەسەر ستۆکهۆڵم دانا.
 
مەرجێکی سەرەکیی تورکیا رێگریکردن لە چالاکیی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سوێد و رادەستکردنی دەیان ئەندامی ئەو پارتە بوو کە نیشتەجێی سوێدن بە تورکیا ئەوەش لەسەر بنەمای ئەوەی کە تورکیا بە " تیرۆر" ناویان دەبات. 
 
تورکیا هەڵکردنی چرا سەوزەکەی بە رەزامەندی کۆنگرێسی ئەمریکا بە فرۆشتنی فڕۆکەی جۆری ئێف-16 بەستەوە و دواجار پەرلەمانی تورکیا لە 23-1-2024، بە زۆرینەی دەنگ ئەندامێتیی سوێدی پەسندکرد.
 
پەسەندکردنی ئەندامێتیی سوێد لەدوای سەردانەکەی کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هات بۆ بوداپێست و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا.
 
لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی سوێد رەخنەی لە دەسەڵاتی ئۆربان گرتبوو و بە پێشێلکردنی بنەما دیموکراسییەکان و سنووردارکردنی بنەماکانی ئازادیی رادەربڕین و لایەنگریی رووسیا تۆمەتباری کردبوو. 
 
ئەوەش وای لە حکومەتی هەنگاریا کرد پەسندکردنی ئەندامێتیی سوێد بەو مەرجە ببەستێتەوە کە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە سەردانی بوداپێست بکات، وەک پێشاندانی نیازپاکی و داوای لێبوردنێك لە حکومەتی هەنگاریا.
 
لە 199 کورسییەکانی پەرلەمانی هەنگاریا، پارتی " فیدێتز" پارتەکەی ئۆربان بە هاوپەیمانیەتی پارتێكی دیکە خاوەن 135 کورسین و یەکێكە لەو سیاسەتڤانانەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کە بە نزیک لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دژ بە شەڕی ئۆکراینا ناسراوە.
 
شەڕی ئۆکراینا کۆتایی بە سیاسەتی بێلایەنیی هەردوو وڵاتی فینلاند و سوێد لە ئاست رووسیادا هێنا کە  بۆ دەیان ساڵ گرتبوویانە بەر. 
 
لە 26ی کانوونی یەکەمی 2023، بەرگریی رووسیا بڵاوەپێکردنی تانک و چەکی نوێی لەسەر سنووری فینلاند راگەیاند؛ پێشتریش سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا رایگەیاندبوو، ئەندامێتیی سوێد و فینلاند، مۆسکۆ ناچار دەکات بیر لە جووڵەی ستراتیژی بەهێز و جۆری چەکەکانی لە بەرەی  رۆژئاوای وڵاتەکەی بکاتەوە.
 
بە پەسندکردنی ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ، دەست بە "پرۆتۆکۆلی پەسندکردن" دەکرێت؛ بە واژۆیەک لەسەر ئەو پرۆتۆکۆلە دەستپێدەکات و پاشان حکومەتی ئەمریکا بە فەرمی  ئاگادار دەکرێتەوە؛ هەموو وڵاتێكی ئەندامی ناتۆ دەبێت داوا فەرمییەکەی و پەسەندکردنی ئەندامێتییەکەی لای حکومەتی ئەمریکا بێت.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا

پووتین: رازین بە پێشنیازی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان

سەرۆکی رووسیا دەڵێت، وڵاتەکەی بە پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی جەنگی ئۆکراینا رازیبووە، بەڵام پێویستە "هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم قەیرانە" چارەسەر بکرێن و وردەکارییەکانیش بخرێنەڕوو.