گومانکردن لە گۆرانییەک ئیسرائیل توڕەدەکات و هەڕەشەی کشانەوە لە پێشبڕکێی یۆرۆڤیژن دەکات

26-02-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کچێکی ئیسرائیلی بە گۆرانییەک لەبارەی هێرشەکەی حەماس لە مانگی ئۆکتۆبەر بەشداری لە پێشبڕکێی میوزیکی یۆرۆڤیژن کردووە و بەرپرسانی پێشبڕکێکە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن، ئەم کارە ئیسرائیل توڕە دەکات.
 
ئیسرائیل ئەو کارەی لیژنەکە بە "شەرمەزاری" ناودەبات و هەڕەشەی کشانەوە لە پێشبڕکێکە دەکات.
 
عەدەن جۆلان، ئەو کچە گۆرانیبێژەیە و تەمەنی 21 ساڵە خەڵکی ئیسرائیلە و بڕیارە بۆ ئەم ساڵ بە گۆرانیی "بارانی ئۆکتۆبەر - October Rain" بەشداریی لە پێشبڕکێی گۆرانیی نیودەوڵەتیی یۆرۆڤیژن بکات کە لە مانگی ئایار لە سوێد بەڕێوەبچێت.
 
گۆرانییەکەی عەدەن زیاتر بە زمانی ئینگلیزییە و چەند وشەیەکی عیبریشی تێدایە باس لە "قوربانییەکانی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەکات لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023."
 
بە گوێرەی یاسایەکی پێشبڕکێی گۆرانیی یۆرۆڤیژن "نابێت گۆرانی یان بەشێک لە تێکستی گۆرانی، سیاسی بێت."
 
یەکێتیی پەخشی ئەوروپی EBU کە رێکخەری پێشبڕكێکەیە لەوبارەوە گوتی، "گۆرانییەکە لەژێر لێکۆڵینەوە دایە و هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە."
 
یەکێتییەکە کە ئەم ساڵ 68ـەم خولی پێشبڕکێکە رێکدەخات دەڵێت، "ئەگەر گۆرانییەک بەهەر هۆکارێک رەتبکرێتەوە، گۆرانیبێژەکە دەرفەتی ئەوەی هەیە گۆرانییەکی دیکە پێشکێش بکات."
 
میکی زۆهار، وەزیری رۆشنبیری و وەرزشی ئیسرائیل لە لێکۆڵینەوەکەی یەكێتییەکە تووڕەبوو و لە هەژمارێکی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، "ئەمە شەرمەزارییە، گۆرانییەکەی جۆلان زۆر کاریگەر بوو. گۆرانییەکە سیاسی نییە و هەستی خەڵک و وڵاتی ئێمە دەردەبڕێت."
 
رۆژی 07-10-2023 چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"یان راگەیاند و هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل. حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، "حەماس هەزار و 160کەسی کوشت و 250 کەسیشی بە بارمتە گرت."
 
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی KAN رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی پێشبڕکێکە لە پەیوەندیدان لەبارەی بەشداریکردنی وڵاتەکەیان لەو پێشبڕکێیە.
 
ئەوان دەڵێن، "دەبێت ئەوە بزانرێت، هیچ نیازێکمان نییە گۆرانییەکە بگۆڕین. ئەگەر گۆرانییەکە رەتبکرێتەوە، لە پێشبڕکێکە بەشداریی ناکەین."
 
ئیسرائیل بۆ یەکەمجار لە 1973 بەشداریی لەو پێشبڕکێیە کرد و تا ئێستا چوارجار پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
 
پێشبڕکێی گۆرانیی یۆرۆڤیژن ئەم ساڵ لە شاری ماڵمۆی سوێد لە 7 تاوەکو 11-05-2024 بەڕێوەدەچێت. 37 وڵات بە گۆرانییەکانیان بەشداریی لەو پێشبڕکێیە دەکەن. 
 
دەقی گۆرانیی بارانی ئۆکتۆبەر
 
لەگەڵم بمێنەرەوە
سەیری نێو چاوانم بکە و ببینە
خەڵکی دەڕۆن بەڵام هەرگیز خواحافیزیی ناکەن
 
ئەمشەو کەسێک مانگی دزی
رووناکیی منی برد
هەموو شتێک رەش و سپییە
ئەو گەمژەیە کێیە کە پێت دەڵێت
کوڕان ناگرین
 
چەندین کاژێر و چەندین گوڵ
ژیان بۆ ترسنۆکەکان یارییەک نییە
لەبەرچی کات هێندە سەرکەش دەبێت
هەموو رۆژێک عەقڵم لەدەست دەدەم
و خۆم لەم گەشتە تەمومژاوییەدا رادەگرم
 
لە رەشەبا سەما دەکەم
هیچ شتێکمان نییە بیشارینەوە
بمبەوە ماڵەوە
و جیهان لە دواوە بەجێبهێڵە
و بەڵێنت پێدەدەم کە هەرگیز جارێکی دیکە
من هێشتا بە بارانی ئۆکتۆبەر تەڕم
بارانی ئۆکتۆبەر
 
لە خەیاڵدا دەژیم
هەستی خۆشنوودی
هەموو شتێک دەبێت ببێت
دەبێت ئێمە بڕۆین، بەڵام خۆشەویستی هەرگیز نامرێت

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.