بلینکن و مەسرور بارزانی: دەبێت هەرێمی کوردستان بەشەبودجەی خۆی بە دادپەروەرانە پێ بگات

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنتۆنی بلینکن لە دیدارەکەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی لە واشنتن گوتی، "یەکڕیزیی کورد گرنگە". هاوکات، هەردوولا نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دەربڕی و جەختیان کردەوە "کە پێویستە هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی بە دادپەروەرانە پێ بگات." 
 
رۆژی دووشەممە، 26-2-2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دیدار و گفتوگۆی "پێش کۆبوونەوەی" ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لە واشنتن دی سی بڵاوکردەوە. 
 
لە دیدارەکەدا بلینکن بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی گوت: "ئەمریکا هاوبەشییەکیی درێژخایەنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە و هاوبەشیمان لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و مێژووی پێکەوە قوربانیدانی هاوبەش بنیاتنراوە، ئەوە شتێکە ئەمریکا بە جیددی لێ دەڕوانێت و بۆ خودی خۆشم وەک شتێكی مەزن تەماشای دەکەم".
 
بلینکن گوتیشی: "پشتگیرییەکەمان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانێکی خۆڕاگر، گرنگە لە سیاسەتە 360 پلەییەکەمان لە عێراق. بۆیە ئەمڕۆ دەرفەتە بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو پاڵپشتییە و ئەو کارانەی پێکەوە کردوومانە، بۆیە پێموایە ئەمە گرنگە و لەکاتی خۆیدایە".
 
 
لە درێژەی قسەکانیدا بلینکن پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە "بێ وێنە" ناوبرد و گوتی: "لە چەند روویەکەوە ئەم پەیوەندییەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە بێ وێنەیە و ئەمریکا بەرزی دەنرخێنێت".
 
بلینکن رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیرکردنی ناوچەکە بەرزنرخاند و گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها هاوبەشێكی گرنگە بۆ سەقامگیری ناوچەکە و پێشخستنی کەرتی تایبەت لەنێویاندا وەبەرهێنەرانی ئەمریکی کە ئەوەش  گرنگە". 
 
بلینکن گوتیشی: "ئێمە لە چەندین قۆناخدا پێکەوە بووین کە تێیدا لە پاڵ یەکدی و شان بە شانی یەکدی بووین لە ئاڵنگارترین بارودۆخەکاندا. ئەو بارودۆخە بەشی خۆی ئاڵنگاری تێدا بووە، بەڵام توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە پێکەوە، زۆر گرنگە".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا بلینکن جەختی لە گرنگیی یەکریزیی کورد کردەوە و گوتی: "دەمەوێت تەنیا ئەوە بڵێم کە ئەوەی بۆ ئێمەش گرنگە یەکڕیزیی کوردە، چونکە ئەو یەکریزییە بۆ سەرکەوتنی دۆست و هاوبەشەکانی ئەمریکا گرنگە و هەروەها گرنگە بۆمان دڵنیابین لەوەی هەمووان پێکەوە بەوپەڕی توانایان  کار بکەن، چونکە بەرژەوەندییەکان هاوبەشن."
 
بلینکن لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشدا، "چاومان لە گفتوگۆکردنی ئەو مژارانەیە" و روویکردە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و گوتی: "جەنابی سەرۆکوەزیران بەخێر بێیت و خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرەیت".
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەقی قسەکانی مەسرور بارزانی بڵاوکردەوە و تێیدا لە دوای سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بارزانی دەڵێت: "خۆشحاڵم بە هاتنەوەم جارێكی دیکە بۆ واشنتن و بە تایبەتیی ئەم سەردانەم بۆ ئێرە و بینینی ئێوە."
 
 
مەسرور بارزانی دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە ئێمە دۆست و هاوبەشێكی نزیکین و شانازی دەکەین بڵێین ئێمە هاوپەیمانی ئەمریکاین، ئێمە بە چەند کاتێكی سەختدا تێپەڕبووین و ئێمە سوپاسگوزار و ستایشی ئەمریکا دەکەین کە هەمیشە پاڵپشتی گەلەکەمانی کردووە. ئێمە ئێستا چەند ئاڵنگارییەکی نوێمان لە ناوچەکەدا هەیە. من چاوم لە گفتوگۆکانمانە تاوەکو سەبارەت بە بەرەپێشچوونەکان لە ناوچەکە و لە عێراق قسە بکەین بە تایبەتی سەبارەت بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".
 
لەدوای کۆبوونەوەکە، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا، لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، گوتی: "وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیران[ی هەرێمی کوردستان] لە چوارچێوەی پابەندبوونی بەردەوام بە ئاسایشی ناوچەکە و بەها هاوبەشەکانیان لەوانەش، حوکمڕانی باش و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، جەختییان لە گرنگی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق کردەوە."
 
میلەر گوتیشی کە بلینکن پاڵپشتیی خۆی بۆ هاوئاهەنگییەکی بنیاتنەرانە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکگرتوویی گەورەتر لەنێو هەرێمی کوردستانی عێراق کردووەتەوە بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری، ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی گەلی عێراق."
 
رۆژی یەکشەممە، 25-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتن و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەشی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا هەبن. 
 
لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵێ "نیگەرانین" 
 
هاوکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و بلینکن دەڵێت، "لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەری جێی بایەخی هاوبەش و پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا." 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانیی ئەمریکای بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدرالی لە چوارچێوەی عێراقدا نیشاندا . 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "پاراستنی ئاسایشیی هەرێمی کوردستان ، چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە و داببینکردنی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کورستان و رێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێم و پاراستنی مافی پيکهاتەکانی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیاکان لە دەڤەرەکە، تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بوون." 
 
 
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "کە بڕیاڕەکانی دادگای فیدراڵی و هەنگاوەکانی دژی هەرێم و سیستەمی فیدراڵی لە عێراق، مایەی نیگەرانین و پێویستە رێز لە قەوارەی دەستووری هەرێم و سیستەمی فیدراڵی و بنەما دیموکراتییەکان لە عێراق بگیرێت."
 
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە "کە پێویستە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، بەشە بودجەی خۆی پێ بگات."