رێکخراوی بازرگانیی جیهانی 50 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردنی ژنانی خاوەنکار تەرخان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوبەری گشتیی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی رایگەیاند، 50 ملیۆن دۆلاریان بۆ هاوکاریکردنی ژنانی خاوەنکار لە وڵاتانی تازە گەشەسەندوو تەرخانکردووە بۆ ئەوەی بتوانن لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە پەرە بە کارەکانیان بدەن.
 
رۆژی یەکشەممە، 25ـی شوباتی 2024، ئینگۆزی ئۆکۆنجۆ یوالا، بەڕێوبەری گشتیی رێخراوی بازرگانیی جیهانی لە ئیماراتەوە گوتی، بۆ هاوکاریکردنیان لە بەرەوپێشبردنی کارەکانیان لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە 50 ملیۆن دۆلاریان بۆ هاوکاریکردنی ژنانی خاوەنکار تەرخانکردووە و ئەمەش هەوڵی هەمەلایەنانەیە بۆ بەهێزکردنی ژنان دەردەخات.
 
ئینگۆزی ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستمان بە هاندەرە بۆ چارسەرکردنی ئەو کێشە داراییانەی ژنان رووبەڕووی دەبنەوە."
 
ئەو راگەیێندراوەی بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لەکاتێکدایە، بڕیارە 29ـی ئەم مانگە لە ئیمارات 13ـەمین کۆنفرانسی رێکخراوەکە لە ئیماڕات بەڕێوەبچێت.
 
لەکاتی راگەیاندنی تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە هەریەک لە سانی ئەحمەد زەیودی، وەزیری بازرگانیی ئیمارات و ماجید عەبدوڵڵا قەسابی، وەزیری بازرگانیی سعودیە ئامادەی بوون.
 
وەزیری بازرگانی ئیمارات رایگەیاند، وڵاتەکەی پێنج ملیۆن لەو 50 ملیۆن دۆلارە دابیندەکات و دەبێت ژنان رۆڵی گرنگی خۆیان لە بەرەوپێشبردنی ئابووری جیهاندا ببینن. 
 
ئەو وەزیرە ئیماراتیە دەشڵێت، "ژنان نیوەی دانیشتووانی جیهانن، بەڵام تەنیا 37٪ـی کۆی بەرهەمی جیهان پێکدەهێنن."
 
لەبارەی تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە. وەزیری بازرگانی سعودیە دەڵێت، وڵاتەکەی ویستی پاڵپشتیکردن و بەرەوپێشبردنی ژنانی خاوەنکاری هەیە.
 
بە گوێرەی ماڵپەڕی کرەنچ بەیسی ئەمریکی، لە هەشت هەزار و 800 کۆمپانیای نێودەوڵەتی تەنیا 10٪یان لەلایەن ژنانەوە دامەزراون یان خاوەندارییەتی دەکرێن.