رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی گیانلەدەستدراوان لە رووداوی ژێرئاو کەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بۆ 59 کەس بەرزبووەوە، لەنێو قوربانییاندا 12 منداڵ هەن. سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاش دەڵێت، "بەڵێندەدەم کۆچبەری نایاسایی بوەستێنم."
مانوێلا کورا، بەرپرس لە ئیدارەی پارێزگای کالابریای ئیتاڵیا بە میدیای بەریتانی راگەیاند کە بەلەمەکە 140 بۆ 150 کۆچبەری هەڵگرتبوو، لە ئیزمیری تورکیاوە بەڕێکەوتووە و دوای سێ بۆ چوار رۆژ گەیشتووەتە ئیتاڵیا، لە نزیک کەناراوەکانی ستیکاتۆ دی کوترۆ خۆی کێشاوە بە تاشەبەرددا و تێکشاوە.
گیانلەدەستدانی 59 کەس پشتڕاستکراوەتەوە، 81 کەس رزگارکراون، 22یان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەرپرسانی ئیتاڵی دەڵێن، کۆچبەرەکان خەڵکی ئەفغانستان، پاکستان و ئێرانن. نوێنەری دەزگای لووتکە لە ئەوروپا بۆ رووداو پشتڕاستیکردەوە کە لەنێو قوربانییاندا هاونیشتمانی کورد بوونی نییە.
بەلەمەکە نزیکەی 150 کۆچبەری هەڵگرتبوو، پاسەوانی دەریایی کالابریا، ئەو هەرێمەی بەلەمەکەی تێدا نقومبووە، لەگەڵ کۆمپانیاکانی فریاگوزاری لە هەڵمەتێکی گەورەدا بەدوای قوربانییاندا دەگەڕێن.
پاسەوانی دەریایی ریجیۆ لە نزیک شوێنی رووداوەکە دەڵێت، تیمێکی گەڕان و رزگارکردنیان لەگەڵ دوو یەخت و هێلیکۆپتەرێک لە بنکەی ئاسمانیی کاتانیاوە ناردووە.
سوپای ئیتاڵیاش دەستی بە لێکۆڵینەوە لە ژمارەی کۆچبەران کردووە و باوەڕی وایە تاوەکو 200 کەس لەسەر ئەو بەلەمە بوون.
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا هاوخەمی دەربڕی و بەڵێنیشیدا کۆچبەری نایاسایی بوەستێنێت بۆ ئەوەی رووداوی لەو جۆرە روونەدەن.
لە راگەیێندراوێکدا نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا مردنی ئەو خەڵکە دەخاتە ئەستۆی قاچاخچییەکان و داوای "گەورەترین" هاوئاهەنگی لەو وڵاتانە دەکات کە کۆچبەرانی لێوەدێن.
پاپا فرانسیس لە گوتاری هەفتانەیدا لە ڤاتیکان دەستی بەرزکردەوە و گوتی، "نزا بۆ هەموویان دەکەم، بۆ بێسەروشوێنبووان و رزگاربووانیش."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ