رووداو دیجیتاڵ
ورچێک بە ناوی "هانک" کە پێشتر بەرپرسانی کالیفۆڕنیا بەهۆی ئەو زەرەر و زیانانە و هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵکی بەدوایدا دەگەڕان بۆ ئەوەی سزای بدەن، ئێستا بە هۆی پشکنینی DNA یەوە دەرکەوتووە کە "هانک" بە تەنیا بەرپرس نەبووە لە هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵکی و "تاوانی" ئەنجامدابێت، بەڵکو دوو سێ ورچی دیکەشی لەگەڵدا بوون.
پێشتر بەرپرسانی کالیفۆڕنیا لە بەشی ژینگە رایانگەیاندبوو، ورچێک کە کێشی 226 کیلۆگرامە، هەڵیکوتاوەتە سەر نزیکەی 20 ماڵ لە دەوروبەری دەریاچەی تاهۆ لە رۆژهەڵاتی کالیفۆڕنیا. چەند رۆژێکە "هانک" بووەتە مژارێکی سەرەکیی لە بەشێکی ناوچەکانی کالیفۆڕنیا و پۆلیس بە بەردەوامی پەیوەندییان پێوەدەکرێت بۆ ئەوەی ئەو ورچەیان لە کۆڵبکەنەوە.
بەگوێرەی داتاکانی بەشی ژینگەی کالیفۆڕنیا، سامپڵی DNA پیشانی دەدات کە لانیکەم 2 ورچی دیکە لە هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵکی بەشداربوونە.
لە راگەیێندراوێکدا بەشی ژینگەی کالیفۆڕنیا دەڵێت، "نابێت تەنیا بە رووخسار و شێوازی دەرکەوتن و جووڵە، بڕیار لە سەر ناسینەوەی ورچێک بدرێت، بەڵکو دەبێت پشکنین بۆ جیناتەکانی ئاژەڵەکە بکرێت".
لە ئەنجامدا و لە دوای دەرکەوتنی ئەنجامی DNA بەرپرسانی کالیفۆڕنیا رایانگەیاند، لە ئەگەری دەستبەسەرکردنی هانک-دا چیدی پلانی کوشتنییان نییە، بەڵکو بۆ شوێنێکی دیکە دەیگوازنەوە بۆ ئەوەی بژی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ