هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا؛ بەشێک لە ئەمریکییەکان رەخنە لە سیاسەتەکانی بایدن دەگرن


رووداو دیجیتاڵ

پرسی ئۆکرانیا یەکێکە لە مژارە گەرمەکانی واشنتن و میدیاکانی ئەمریکا، کۆشکی سپیی بە تەواوەتی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و بە جیدی کار لەسەر ئەم پرسە دەکرێت، ئەم پرسە رەنگدانەوەی لەسەر شەقامیشی ئەمریکاش داناوە و خەڵک لەوبارەوە بۆچوونی خۆی هەیە.
 
مارک مەک-نووت، خانەنشینێکی ئەمریکییە و دەڵێت، ''پێموایە سەرکردەکانمان هەموو ئەو شاتانە دەکەن کە لە توانایاندا هەیە،  بەدڵنیاییەوە ناردنی هێزی سەربازی و هەروەها بەجیدی کارکردن لەگەڵ ناتۆ بەخێرایی لە دژی رووسیا بوەستنەوە''.
 
شارەزایەکی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بە ناوی ستیڤ کە بە رەچەڵەک خەڵکی ئۆکرانیایە، ناکۆکییەکان بە یاری شەترەنج دەچوونێت و بۆچوونی وایە ئیدارەی بایدن "سەرکەوتوو نەبوو" لەم یارییەدا و براوەی یارییەکە تاوەکو ئێستا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیایە. 
 
ستیڤ بەرشکا، شارەزای ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەڵێت، ''پێموایە ڤلادیمیر پووتین یاری شەترەنج دەکات نەک بەتەنیا لەگەڵ ئەمریکا، بەڵکو لەگەڵ جیهانیش. پووتینیش لە یاری شەترەنجەکەدا مامۆستایە، بەڵام پێموانییە سەرۆکەکەی ئێمە تەنانەت بتوانێت دامەش بکات''.
 
ئەم پرسە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکانی بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەشکردووە، ئەم ناکۆکییە بە ئاشکرا بە میدیاکانیشیانەوە دیارە، کۆمارییەکان رەخنەی ئەوە لە ئیدارەی بایدن دەگرن کە سیاسەتی هەڵەی ئیدارەکەی بەرامبەر بە قەیرانی ئۆکرانیا وایکردووە رووسیا هەنگاوی زیاتری شەڕانگێزی بهاوێژێت و سڵ لە هیچ نەکاتەوە.
 
بەڵام ڤیکتۆریا کە بەربژێری دیموکراتەکانە بۆ کۆنگرێس و ئێستا خەریکی دەنگ کۆکردنەوەیە لە سیاسەتی ئیدارەکەی بایدن رازییە و پشتیوانی لە بۆچوونەکانی ئیدارەکەی دەکات. 
 
ڤیکتۆریا ڤاراسینگ، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ کۆنگرێس دەڵێت، ''پێموایە دەبێت سەرەتا رێگەی دیپلۆماسی بگرینەبەر بۆ چارەسەرکردنی ململانێکە، ئەگەر ئەمە چارەسەر نەبوو، بچینە سەر سەپاندنی سزای ئابووری".
 
هەرزوو لەدوای ناساندی هەردوو هەرێمی دۆنێتسک و لۆهانسکدا وەک دوو هەرێمی سەربەخۆ لەلایەن رووسیاوە، واشنتن بەسەپاندنی کۆمەڵێک سزا، وەڵامی مۆسکۆی دیکەوە، بەڵام بەشێک لە شەقامی ئەمریکا پێییان وایە ئیدارەکەیان هێشتا زۆر نەرمە بەرامبەر بەو پرسە و بە تەنیا ئەو سزایانە رووسیا لە داگیرکردنی ئۆکرانیا ناوەستێنن. 
 
ئیدارەی بایدنیش دەڵێت، هەرچەندە ڤلادیمیر پووتین، بڕیاری هێرشکردنە سەر ئۆکرانیای داوە، بەڵام هێشتا هەموو دەرگەکانی گفتوگۆ دانەخراون و چاویان لەوەیە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن.