بەشێک لە کۆمارییەکانی ئەمریکا دژی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێرانن

 
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 40 ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پارتی کۆمارییەکان پرۆژە یاسایەکیان ئامادەکردووە و تێیدا دژایەتیی لابردنی سزاکانی سەر ئێران دەکەن.
 
لە پرۆژە یاساکەدا کۆمارییەکان هەموو جۆرە لابردن یاخود سووککردنی سزاکانی سەر ئێرانیان رەتکردووەتەوە و دژایەتیی هەموو جۆرە هەنگاوێکیان کردووە کە رێگە بەو وڵاتە بدات مامەڵە لەگەڵ سیستەمی دارایی و بانکیی ئەمریکا بکات.
 
لە پرۆژە یاساکەدا داوا لە ئیدارەی بایدن کراوە بەردەوامبێت لە سەپاندنی سزاکان بەسەر ئێراندا تاوەکو دەست لە خەون و حەزەکانی لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەڵگرێت و واز لە ئەنجامدانی تووندوتیژی لە ناوچەکە بهێنێت.
 
لە پێناسەی پرۆژەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئێران لاوازیی سیاسەتەکانی ئیدارەی باراک ئۆبامای لە ناوچەکە قۆستەوە و دەستی لە ناوچەکەدا واڵاکرد، هۆشدارییان دایە ئیدارەی بایدن لە گرتنەبەری هەمان سیاسەتەکانی ئۆباما لەئاست ئێران.
 
ئیدارەی ترەمپ لە ساڵی 2018دا لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران کشایەوە و سەرجەم سزاکانی بەسەر ئێران سەپاندەوە، لە مانگی ئەیلوولی رابردووشدا بە فەرمی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سەرجەم سزاکانی سەر ئەو وڵاتە بسەپێنێتەوە.
 
هەفتەی رابردوو، ئیدارەی بایدن بە فەرمی ئەو داوایەی ترەمپی هەڵوەشاندەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وڵاتانی 5+1 تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران.
 
پێشتریش ئیدارەی بایدن ئامادەیی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنەکە دەربڕیوە و تەنیا پابەندبوونی ئێرانی بە سەرجەم بڕگەکانی تایبەت بە رێککەوتنەکە وەکو مەرجی پێشوەختە دانا.