دوایین راپرسی: ترەمپ بە جیاوازی 7٪ی دەنگەکان لەپێش بایدنەوەیە
رووداو دیجیتاڵ
دوایین ئەو راپرسییانەی لە ئەمریکا تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە کراون، دەریدەخەن کە ترەمپ دەبێتە بەربژێری کۆمارییەکان و بایدنیش دەبێتە بەربژێری دیموکراتەکان؛ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییشدا ترەمپ دەرفەتی سەرکەوتنی زیاترە.
بە گوێرەی ئەو راپرسییەی 24ی کانوونی دووەم بڵاوکراوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەبێتە بەربژێری کۆمارییەکان. لەو راپرسییەی کۆمارییەکاندا ترەمپ 74٪ی دەنگی ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا بەهێزترین رکابەری کە نیکی هەیلییە تەنیا 11٪ی دەنگەکانی بردووەتەوە.
هەرچی سەبارەت بە دیموکراتەکانە، دوایین راپرسی کە 24ی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە دەریدەخات، جۆ بایدن دەبێتە بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا و نزیکەی 66٪ی ئەندام و لایەنگرانی ئەو پارتە لە ویلایەتەکان لە هەڵبژاردنی بەراییدا دەنگی پێ دەدەن.
هەروەها، دوایین راپرسییەکانی ئەمریکاش کە رۆژی 24ی کانوونی دووەم بڵاوکراونەتەوە، ئەوە پێشان دەدەن کە ئەگەر ئێستا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بکرێت، ئەوا ترەمپ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی وڵاتەکە. لە یەکێک لە راپرسییەکاندا ترەمپ ٪44ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا بایدن تەنیا 43٪ی دەنگەکانی بردووەتەوە. ئەنجامی راپرسییەکی دیکە جیاوازییەکی گەورەتر لەنێوان دەنگەکانی ترەمپ و بایدندا پێشاندەدات بە جۆرێک کە ترەمپ 48٪ی دەنگەکان و بایدنیش 41٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.
لە چەند مانگی داهاتوودا و لە ئەنجامی هەڵبژاردنی بەرایی نێو ویلایەتەکاندا، بەربژێری پارتی و دیموکرات بۆ سەرۆکایەتی یەکلایی دەبێتەوە.
دواتر دوو بەربژێرە براوەکەی کۆماری و دیموکراتەکان، لە 5ـی تشرینی دووەمی 2024ـدا لە هەڵبژاردنی گشتی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.