بەریتانیا: حووسییەکان زیاتر لە 30 هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور

رووداو دیجیتاڵ 

چەکدارانی حووسییەکان لە سەنعای پایتەختی یەمەن گردبوونەوە و ناڕەزایی دژی هێرشەکان بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان دەربڕی. بەریتانیاش دەڵێت، لە دوو مانگدا حووسییەکان 30 هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور. 
 
ساڵح جەرمۆزی، چەکداری حووسییەکان دەڵێت، "ئەمە پەیامی ئێمەیە بۆ ئەمریکا، بەریتانیا و جووەکان و پێیان دەڵێین، لە شەڕکردن دژیان لە ئاسمان، زەوی و دەریا بەردەوام دەبین."
 
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دەڵێت، لە دوو مانگی رابردوودا حووسییەکان زیاتر لە 30 هێرشیان بە درۆن، مووشەک و بەلەمی خێرا کردووەتە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور. 
 
لە وەڵامی ئەوەیشدا ئەمریکا و بەریتانیا 8 جار هێرشیان کردووەتە سەر حووسییەکان. 
 
ئەوە جگە لە خستنەخوارەوەی ئەو درۆن و مووشەکانەی حووسییەکان ئاڕاستەی کەشتییەکانیان لە دەریای سوور دەکەن. 
 
ئەحمەد ئەبو عیز، چەکداری حوسییەکان ئاماژە بەوە دەکات، "بەو دیکتاتۆر و خوێن رێژانە دەڵێین کە لە هێرش، فڕۆکە، تانک و کەشتییە سەربازییەکانتان ناترسین. بەردەوام دەبین لە دژایەتیکردنتان."
 
ئەمریکا دوو کەشتیی جەنگیی ناردووەتە دەریای سوور و دەڵێت، ئامانجێکی سەرەکی دڵنیاییدانە لە بەردەوامیی هاتووچۆی بازرگانی بەو رێڕەوەدا کە 12٪ی بازرگانیی جیهان لەخۆدەگرێت و ساڵانە دەگاتە ترلیۆنێک دۆلاری ئەمریکی.