نزیکەی 6000 شۆفیری تەکسی لە مەدرید دژی بڕیارێکی نوێی حکومەت گردبوونەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی شەش هەزار شۆفێری تەکسی لە شەقامێکی شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا گردبوونە و داوایان کرد ئەو خشتەی کارکردنەی حکومەت بۆی داناون، هەڵبوەشێتەوە.
 
جۆس جولیان، شۆفێری تەکسی دەڵێت، "ئەو یاسایەی سەرۆک نیازی هەیە بەسەرماندا بیسەپێنێت، تاکە شت کە لە رێگەیەوە بەدەستبێت بریتییە لە کۆیلەکردنی شۆفێرەکان. ئەمەش دژی ئازادیی شۆفێرەکانە، ئەو دەیەوێت رۆژە پشووەکەمان نەهێڵێت و نەتوانین لەگەڵ خێزانەکەمان کۆببینەوە."
 
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ئیدارەی شارەوانییەکانی ئیسپانیا بڕیار لەسەر یاسا نوێیەکە بدات.
 
داواکاریی سەرەکیی شۆفێری تەکسییەکانیش ئەوەیە کە یاسا نوێیەکە رۆژی پشوو و سنووردارکردنی کاژێری کارکردنی تێدا نییە و پێویستە ئەوانە دیاری بکرێت.
 
لویز، شۆفیری تەکسی ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە دەڵێین نەخێر بۆ یاسا نوێیەکە، دەبێت سەرۆک لەگەڵ سەندیکاکانی تەکسییەکان دابنیشێت و دۆخەکە تاوتوێ بکات، ئێمە ئەو سەرۆکەمان ناوێت هەر وەکو ئەوەی کە ئەو ئێمەی ناوێت."
 
بەگوێرەی ئاماری ئۆتۆمبێلە تۆمارکراوەکانی ئیسپانیا، لە شاری مەدرید 15 هەزار تەکسی هەن، داهاتی شۆفێری تەکسییەکانی ئیسپانیاش مانگانە لەنێوان 530 یۆرۆ بۆ 1.490 یۆرۆیە. زۆربەی تەکسییەکانی ئەو وڵاتەش دوو شۆفێریان هەیە و هەریەکەیان کاتی دیاریکراویان بۆ کارکردن هەیە، شۆفێرەکان پێیانوایە ئەم یاسا نوێیەی حکومەت ئەگەر جێبەجێ بکرێت، کاریگەریی لەسەر داهاتی شۆفێرەکانیش دەبێت.