ڤلادیمیر پووتین: پێویستە كێشەی کورد لە سووریا چارەسەر بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەڵێت، "پێویستە کێشەی کورد [لە سووریا] چارەسەربکرێت".
پووتین لە مۆسکۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی ساڵانەدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری لەبارەی سووریا دایەوە؛ ئەو وڵاتەی دوای 13 ساڵ لە جەنگێکی نێوخۆی خوێناوی، 8ـی ئەم مانگە، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە بەشێکیان لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانیی مۆسکۆ هێنا.
لە بارەی پێگەی کورد لە داهاتووی سووریادا، پووتین بە رۆژنامەڤانان و ئامادەبووانی کۆنفرانسەکەی گوت: "کێشەی کورد پێویستە بە رێگەیەک چارەسەر بکرێت. پێویست بوو لە سەردەمی سەرۆک ئەسەد لە سووریا چارەسەرکرابایە. ئێستا پێویستی بەوەیە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتدارانەی خاکی سووریایان کۆنترۆڵکردووە، چارەسەربکرێت."
سەرۆکی رووسیا پێیوایە، ئیسرائیل کە دوای رووخانی ئەسەد رووبەرێکی زیاتری لە خاکی سووریا لە نزیک گۆلان خستە ژێر دەسەڵاتی، "سوودمەندی سەرەکیی" دۆخی ئێستای سووریایە، بەڵام بە گوتەی خۆی، تورکیاش بەرژەوەندی لە رووخانی دەسەڵاتی ئەسەددا هەیە، لەوانەش بۆ پاشەکشەکردن بە "هێزە کوردییەکان".
پووتین گوتی: "تورکیا هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی ئاسایشی سنووری باشووری خۆی بپارێزێت و هەلومەرجی لەبار بڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەی پەنابەران لە وڵاتەکەیەوە بۆ ئەو ناوچانەی سووریا کە لە راستیدا لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدان؛ هەروەها بۆ ئەوەی پاشەکشە بە هێزە کوردییەکان بکات."
سەرۆکی رووسیا پێیوایە، هەموو ئەم ئامانجانەی تورکیا "رەنگە رێیان تێبچێت و تا رادەیەک بەدیبهێندرێن، بەڵام سوودمەندی سەرەکیی لە رووداوەکانی ئێستای سووریا، ئیسرائیلە."
ڤلادیمیر پووتین لەبارەی کورد لە پارچەکانی دیکەش قسەی کرد و گوتی، "لە تورکیا دەیان ملیۆن هەن. ژمارەیەکی زۆر لە ئێران و عێراق دەژین. چەند کورد لەوێ دەژین؟ ئێوە بێگومان وەڵامەکەی باشتر دەزانن، بەڵام لانیکەم 30 بۆ 35 ملیۆنن. راستە؟"
سەرۆکی رووسیا زیاتر لەبارەی کورد قسەی کرد و گوتی، پرسی کورد کێشەیەکی جیدییە و "کوردەکان کەسانی جیدی و جەنگاوەری جیدین"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆ بە کورد درا، بەڵام فریو دران و فێڵیان لێکرا".
لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێی سیستمی داهاتووی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە دەکەن، چارەنووسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەگرێتەوە، بە نادیاری ماوەتەوە.
لە ساڵی 2015 هێزە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ بەشێک لە هێزە عەرەبە هاوپەیمانەکانیان هێزێکی یەکگرتوویان بە ناوی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ پاراستنی ناوچەکانیان پێکهێنا و چەند مانگێک دواتر، باڵی سیاسیی هێزەکەیان بە ناوی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) راگەیاند. لە سێیەم کۆنگرەی مەسەدەدا لە ساڵی 2018، کاتێک هەسەدە نزیکبوو لە کۆنترۆڵکردنەوەی دوایین پێگەکانی داعش، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان وەک قەوارەیەکی جوگرافی و سیاسی راگەیاند.
قەوارەکە ئامانجییەتی لە سووریای نوێدا پارێزگاری لە خۆبەڕێوەبەری (ئۆتۆنۆمی) بکات، بەڵام هەسەدە کە سوپای دیفاکتۆی قەوارەکەیە، لە لایەن تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئەنقەرەوە تۆمەتباردەکرێت بەوەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی تێدایە.
گرووپە چەکدارەکان بە پشتیوانی تورکیا لەپێش و دوای رووخانی ئەسەد هێرشیان کردوەتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە. دوای لاچوونی ئەسەد لە دەسەڵات هێرشەکان زیاتر بوون.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە دەڵێت، ئەگەر لەگەڵ تورکیا بگەنە رێککەوتنی ئاگربەست، ئەوا ئەو شەڕڤانانەی کە خەڵکی سووریا نین، وڵاتەکە جێدێڵن.
پووتینیش دەڵێت: "تورکیا پێویستی بەوەیە ئاسایشی خۆی مسۆگەر بکات، ئێمە هەموومان لەمە تێدەگەین."
مەزڵوم عەبدی پێشنیاز دەکات لە کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراو لەژێر سەرپەرشتیی ئەمریکادا دروستبکرێت بۆ ئەوەی "نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا بڕەوێنرێنەوە و سەقامگیریی درێژخایەن بۆ ناوچەکە دەستەبەربکرێت."
بەڵام زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارتی بەرگریی تورکیا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ رێکخراوە تیرۆرستییەکاندا ناکەین،" گوتیشی: "ئامادەکاری و رێکارەکانمان لە شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی رێکخراوی تیرۆرستی پەکەکە/یەپەگە چەک دادەنێت و چەکدارە بیانییەکانی نێوی سووریا جێدێڵن."
لەو بارەیەوە، مەزڵوم عەبدی بە رۆیتەرزی گوت: "لەبەرئەوەی دۆخێکی نوێ لە سووریادا هەیە، کاتی ئەوەیە ئەو شەڕڤانانەی لە جەنگەکەماندا یارمەتیی ئێمەیان دا، بە سەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان،" بەڵام فەرماندە کوردەکە لە هەمان کاتدا جەخت دەکاتەوە کە "بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەین."