ڤلادیمیر پووتین: دەبێت کێشەی کورد لە سووریا چارەسەر بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی ساڵانەیدا باسی لە پرسی کورد لە سووریا کرد و گوتی، "دەبێت کێشەی کورد چارەسەر بکرێت".
پووتین لە بەشێکی گوتار و کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا تیشکی خستە سەر دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باسی لە پرسی کوردیش کرد.
پووتین لەبارەی کوردەوە گوتی، "لە تورکیا دەیان ملیۆن هەن. ژمارەیەکی زۆر لە ئێران و عێراق دەژین. چەند کورد لەوێ دەژین؟ ئێوە بێگومان وەڵامەکەی باشتر دەزانن، بەڵام لانیکەم 30 بۆ 35 ملیۆنن. راستە؟".
سەرۆکی رووسیا زیاتر لەبارەی کورد قسەی کرد و گوتی، پرسی کورد کێشەیەکی جیدییە و "کوردەکان کەسانی جیدی و جەنگاوەری جیدین".
پووتین دەشڵێت، "دەبێت کێشەی کورد (لە سووریا) چارەسەر بکرێت. دەبووایە لە سەردەمی بەشار ئەسەد چارەسەر بکرابایە. ئێستاش دەبێت لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی کە سووریایان لەژێر دەستە چارەسەر بکرێت. هەروەها تورکیاش دەبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاسایشی خۆی بەرقەرار بکات".
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، "لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆ بە کورد درا، بەڵام ئەوکاتە فریو دران و فێڵیان لێکرا".