رووداو دیجیتاڵ
رووسیا رووبەڕووی کەمیی هێزی کار (کرێکار و کارمەندی شارەزای کارکردن) بووەتەوە و بۆ ساڵی داهاتوو پێویستی بە 4 ملیۆن و 800 هەزار کەس هەیە لەو بوارەدا.
رۆژنامەی ئیزافستیای رووسی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 24-12-2023) بە پشتبەستن بە لێدوان و لێکۆڵینەوەی ژمارەیەک توێژەر لە ناوەندی ئەکادیمیای رووسیا بۆ پرسە ئابوورییەکان، راپۆرتێکی لەبارەی کەمیی هێزی کار لە رووسیا بڵاوکردووەتەوە.
نیکۆلای ئاخابکین، توێژەر لە ناوەندی ئەکادیمیای رووسیا دەڵێت ''کێشەی کەمیی کرێکار و هێزی کار لە دوای ساڵی 2022 سەریهەڵدا و ئەم ساڵ گەیشتە لووتکە، تادێت داواکاری بۆ پسپۆڕی لە کەرتە جیاوازەکان زیاد دەکات، زۆرترین داواکاریش بۆ شۆفێر و کرێکاری کۆگەکانە.''
بەپێی ئەو ئامارانەی ئاژانستی رۆستات (ئاژانسی فەرمیی سەرژمێری و ئامار لە رووسیا) بڵاویکردوونەتەوە، قەبارەی کورتهێنان لە هێزی کار لەم ساڵدا دەگاتە چوار ملیۆن و 800 هەزار کەس، ژمارەکەش بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت.
هەر بەپێی ئامارەکانی هەمان ئاژانس، ژمارەی پۆستە بەتاڵەکان لە کۆی هێزی کاردا لە کۆتایی ئەمساڵدا بۆ 6.8٪ زیادیکردووە، بەراورد بە پار کە 5.8٪ بووە.
تاتیانا زاخارۆڤا، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئابووریی رووسیا دەڵێت ''بەدڵنیاییەوە کورتهێنان لە هێزی کار بۆ ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبێت و پڕکردنەوەی بۆشایی لە هێزی کار لە کارگەکان، ئەندازیار و پزیشک و پسپۆڕییەکانی دیکە، دەبێتە کارێکی ئەستەم.''
ئەو پرۆفیسۆرە، هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو کورتهێنانەی بۆ کۆچکردنی دانیشتووان و کەمبوونەوەی وەرگرتنی پسپۆڕییەتی گەڕاندەوە.
وەزیری کاری رووسیا رایگەیاند ''ئەو کەمبوونەوەیە لە هێزی کار، زۆر بە چڕی لە کەرتەکانی پیشەسازی و بیناسازی و گواستنەوە هەستی پێکراوە، کۆمپانیاکانیش ناچاربوون مووچەی کارمەندەکانیان بەرزبکەنەوە بۆ راکێشانی کارمەندی نوێ.''
مانگی تشرینی دووەمی 2023، ئەلڤیرا باپیۆلینیا، پارێزگاری بانکی ناوەندیی رووسیا رایگەیاندبوو ''کورتهێنان لە هێزی کاردا بووەتە بابەتێکی جیدی و هەڕەشە بۆ گەشەی ئابووری، چونکە بەهۆی بارودۆخێکی تایبەتەوە حکومەت بەشێکی زۆر لە سەرچاوە مرۆیی و داراییەکان بۆ کەرتی سەربازی تەرخان دەکات.''
بەپێی هەندێک ئاماری نافەرمی، لە دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رووسیا لە شوباتی 2022 بۆ سەر ئۆکراینا، بە هەزاران کەس رووسیایان جێهێشتووە و لەنێویاندا سەدان کەسی پسپۆڕ هەن لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و خاوەن ئەزموون و شارەزا، هۆکارەکەش یان لە ترسی بانگکردنیان بووە بۆ سەربازی یان دژی ئۆپەراسیۆنەکان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ