بازاڕە تایبەتەکانی جەژنی کریسمس لە ئەڵمانیا و ئەمریکا بووژاونەتەوە

26-12-2022
رووداو @Rudawkurdish
بازاڕێکی تایبەت بە کریسمس
بازاڕێکی تایبەت بە کریسمس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
ئامادەکردن: دیار کوردە و ئاڵا شاڵی

لە زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی لە ویلایەتەکانی واشنتن دی سیی پایتەخت، کالیفۆڕنیا، پەنسلڤانیا و کۆلۆرادۆ بازاڕی گەورەی تایبەت بە کریسمس و سەری ساڵ کراونەتەوە و رۆژانە جمەیان دێت لە خەڵکی ناوچەکە و گەشتیاران.
 
مایکڵ بێرمن، بەڕێوەبەری بازاڕی کریسمس لە واشنتن دی سی دەڵێت، "ئەمە 18یەمین ساڵی بازاڕی پشووەکانی سەنتەری واشنتنە. لە 18ی نۆڤەمبەرەوە کردوومانەتەوە و لە 23ی دیسەمبەر دایدەخەین، واتە 35 رۆژ کراوە دەبێت. 75 فرۆشیاری جیاوازمان هەیە کە بەشدارییان کردووە؛ هەروەها زیاتر لە 80 نمایشکاریشمان لەو ماوەیەدا هەیە."
 
مارک جانسن، خاوەنی یەکێک لە کۆشکەکانە و دەڵێت، "ئێمە ئەمساڵ لە کۆشکێکەوە کردمان بە دوو کۆشک، بەرهەمی وشکە و هەروەها چەندین جۆری سۆس و خواردنمان هەیە. لە پشووەکانی کۆتایی هەفتەدا زۆر سەرقاڵین، قەرەباڵخییەکی زۆر هەیە و خەڵک دوای کۆرۆنا زیاتر دێن و ئەمساڵ بازاڕێکی زۆر باشمان هەیە."
 
بازاڕەکان بە شێوەیەکی کاتی و تایبەت بە پشووەکانی سەری ساڵ و جەژنی کریسمس کراونەتەوە، ئەو بازاڕە زیاتر لە 20 ساڵە بەو شێوەیە دەکرێتەوە، تەنانەت لە ماوەی کۆرۆناشدا بە رێکاری تایبەت کراوەتەوە، زیاتر لە 70 فرۆشیار کۆشکی تایبەتییان داناوە، کۆشکەکانیش جگە لە بەرهەمە ئەمریکییەکان، هاوکات بەرهەمی وڵاتانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دەفرۆشن.
 
ئەو بازاڕەی کریسمس کە دەکەوێتە سەنتەری شاری واشنتن دی سیی پایتەختی ئەمریکا، رۆژانە تاوەکو کاژێر 20:00 کراوەیە، بێجگە لە فرۆشتنی کاڵا و بەرهەمەکان، هاوکات رۆژانە چالاکی و ئاهەنگی بچووکیشی لێ ساز دەکرێت، بەڵام شتێک هەیە و زۆرجار دەگوترێتەوە و دەڵێن، باس لە بازاڕی کریسمس دەکرێت راستەوخۆ بیرت بۆ بازاڕەکانی کریسمسی ئەڵمانیا دەچێت، چونکە بازاڕەکانیان کەشێکی تایبەتییان هەیە و بەنێوبانگ و سەرنجڕاکێشن.
 
تایبەتمەندیی بازاڕی کریسمس لە ئەڵمانیا لەوەدایە کە چوار هەفتە پێش هاتنی جەژنی کریسمس لە هەموو شارەکانی ئەڵمانیا بازاڕی كریسمسیش دەکرێتەوە‫.‬ بازاڕەکان دەڕازێندرێنەوە، ره‌نگی بریق‌وباقی كۆشكه‌كان سه‌رنجی گه‌وره‌ و بچووک راده‌كێشن.
 
هه‌ندێک لە کۆشکەکان پێداویستییەکانی کریسمس ده‌فرۆشن، هەندێکیشیان شەرابی گەرم دەفرۆشن کە تایبەتمەندیی بازاڕی کریسمسە هەروەها به‌ بۆن و به‌رامی بایه‌می برژاو خەڵكه‌كه‌ والێده‌كه‌ن لە کەشوهەوایەکی خۆشدا لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیاندا کاتێکی خۆش بەسەرببەرن.
 
سەردانی ئەو بازاڕانە لە کاتی کریسمسدا بووەتە کولتوور، ده‌گوترێت جه‌ژنی كریسمس جه‌ژنی خۆشه‌ویستییه‌، بازاڕی كریسمسیش بۆ کۆکردنەوەی خێزانه‌کانە، ماڵئاوایی له ‌ساڵێک دەکەن و پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن.
 
لە بازاڕی کریسمسی شاری بۆخۆم، زیاد لە 200 کۆشک بازاڕی کریسمسی شارەکەیان رازاندووەتەوە. بازاڕەکە لە کاژیر 10:00ی بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 22:00 کراوەیە. باوکی ماتینا لە ساڵی 1974ەوە هەموو ساڵێک لە بازاڕی کریسمس بایەمی برژاو و شیرینی دەفرۆشێت.
 
ماتیانا یان سن خاوەن کارە و دەڵێت، "هەموو شتەکانمان لێرە خۆمان دروستیان دەکەین هەر لە بایەمی برژاوەوە تاوەکو بوندوقی ماکەدێیمە. بایەمەکەمان شەکری کەمی پێوە دەکەین کە تەواو رەق نین و بەڵێ تامەکەشی وا خۆش دەبێت. هەروەها ئێمە میوەی شوکولاتەمان هەیە لەگەڵ پرالینی بەلجیکی شوکولاتە، دیاری هەمیشە تازەیە و ئەوەش خۆمان دەیکەین. کاتێک کڕیارەکان دێن و منداڵەکان دڵخۆشن ئەوە ئێمە زۆر دڵخۆش دەکات."
 
بازاڕێک بە بابەنوئێلەکەی بەنێوبانگە و رۆژی دووجار بەسەر بازاڕەکەدا دەفڕێت و دڵی منداڵان خۆش دەکات؛ گەورەکانیش لە خواردن و خواردنەوەکانی بازاڕەکە چێژ وەردەگرن.
 
هاووڵاتییەک دەڵێت، "بازاڕی کریسمس زۆر هەستێکی گەرمم دەداتێ بە شەرابە گەرمەکەی، هەروەها ئەوەی زۆر خۆشە بۆن و بەرامە جۆراوجۆرەکەی ئێرەیە، هەموو شتێک هەیە کە تایبەتمەندن، وەکو گۆشتی برژاو، قارچکی برژاو، سۆس و چەندین شتی دیکەش، هەموو رۆژێک سەردانی ئەم بازاڕە دەکەم هەر، رۆژێک خواردنێکی دیکە دەخۆم."
 
مێژووی كریسمس لە ئەڵمانیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ی 14ی زاینی. ده‌گوترێت ئه‌و سه‌رده‌مه‌ دارتاش و سه‌به‌ته‌ چینینه‌كان كاڵاكانیان هێناوە و له ‌بازاڕدا فرۆشتوویانه‌، ورده‌ ورده‌ ئه‌وه‌ بووەته‌ دابونه‌ریت و پێش هاتنی یادی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح هه‌موو ساڵێک ئه‌و بازاڕه ‌كراوه‌ته‌وه‌.‫ ئێستا پێشوازی لە جەژنی کریسمس بە بازاڕی کریسمس دەکرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە کەنار دەریایەکی فەرەنسا دوو وشتر بۆ پاککردنەوەی کەناراوەکە بەکاردێن

وشتر بۆ خاوێنکردنەوەی کەناراوەکانی فەرەنسا بەکاردێت

تیمێکی فەرەنسییە لە کەناری دەریای نێوەڕاست، نزیک لە شاری مارسیلیای باشووری وڵاتەکە؛ بە بەکارهێنانی وشتر، کەناراوەکە لە پلاستیک و پاشماوەکانی دیکە خاوێن دەکەنەوە