تاڵیبان داوا لە رێکخراوەکان دەکات کارکردنی ئافرەتان رابگرن

25-12-2022
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئابووریی ئەفغانستان رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی تاڵیبان داوایان لە سەرجەم رێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە کردووە کارکردن بە کارمەندە ئافرەتەکانیان رابگرن، ئەوەش دوای "ناڕەزایی جیددی" لەسەر شێوازی جلوبەرگیان.
 
لە فەرمانەکەدا هەڕەشەی راگرتنی مۆڵەتی کارکردنی ئەو رێکخراوە ناحکومییانە کراوە کە ناتوانن رێنماییەکە جێبەجێ بکەن. ئەم هەنگاوە خێرا سەرکۆنەکردنی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا؛ حکومەت و رێکخراوەکان هۆشدارییان دا لە کاریگەرییەکانی لەسەر خزمەتگوزارییە مرۆییەکان لە ئەفغانستان کە ملیۆنان کەس پشت بە هاوکارییەکان دەبەستن.
 
دوایین کۆتوبەندی تاڵیبان لەسەر ئافرەتان دوای کەمتر لە هەفتەیەک دێت لە قەدەخەکردنی خوێندنی ژنان لە زانکۆکان، ئەمەش تووڕەیی جیهان و ناڕەزایی لە هەندێک لە شارەکانی ئەفغانستان لێکەوتەوە.
 
لە کاتێکدا تاڵیبان بەڵێنی فۆرمێکی نەرمتری حوکمڕانی دابوو کاتێک لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتەوە دەست، بەڵام لەبری ئەوە رێوشوێنی تووندی بەسەر ژناندا سەپاند کە کاریگەری لەسەر ژیانی رۆژانەیان داناوە.
 
لە ئاگادارییەکەدا کە بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان نێردراوە و، لەلایەن گوتەبێژی وەزارەتی ئابوورییەوە پشتڕاستکراوەتەوە، ئاماژەی بە "ناڕەزایی جیددی لەبارەی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشیی ئیسلامی و یاسا و رێساکانی دیکەی تایبەت بە کارکردنی ژنان لە رێکخراوە نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان دەربڕیوە".
 
لە ئاگادارکردنەوەکەدا هاتووە، وەزارەتەکە "هەموو رێکخراوەکانی راسپاردووە کە بۆ ماوەیەکی نادیار دامەزراندنی ژنان رابگرن"، هۆشداریی ئەوەشی داوە ئەگەر هەر رێکخراوێک فەرمانەکە پشتگوێ بخات، مۆڵەتەکەی "هەڵدەوەشێتەوە".
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە ئاخۆ ئەو رێنماییە کاریگەری لەسەر کارمەندانی ژنانی بیانی لە رێکخراوە ناحکومییەکان هەبووە یان نا.
هاوکات دوو رێکخراوی ناحکومیی نێودەوڵەتی پشتڕاستیان کردەوە کە ئاگادارکردنەوەکەی تاڵیبانیان پێگەیشتووە.
 
بەرپرسێکی باڵای رێکخراوێکی ناحکومیی نێودەوڵەتی کە بەشدارە لە کارە مرۆییەکان و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاندووە "لە رۆژی یەکشەممەوە هەموو چالاکییەکانمان رادەگرین".
 
ئەو بەرپرسە گوتیشی: "بەمزووانە بەرپرسانی باڵای سەرجەم رێکخراوە ناحکومییەکان کۆدەبنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتەدا".
 
دەیان رێکخراو لە ناوچە دوورەدەستەکانی ئەفغانستان کاردەکەن و زۆرێک لە کارمەندەکانیان ژنن، چەندین رێکخراویش هۆشداری دەدەن کە قەدەخەکردنی کارکردنی ژنان لەمپەر لەبەردەم کارەکانیان دروستدەکات.
 
لیژنەی رزگارکردنی نێودەوڵەتی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، زیاتر لە سێ هەزار کارمەندی ژن لە ئەفغانستان لە رێکخراوەکانی ئەفغانستان کاردەکەن و "گرنگن بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان" لە وڵاتەکەدا.
 
بەرپرسێکی رێکخراوێکی ناحکومیی نێودەوڵەتی کە بەشدارە لە دابەشکردنی خۆراک رایگەیاندووە، بڕیارەکە "زەبرێکی کوشندەیە".
ئەو بەرپرسە دەڵێت: "کارمەندە ئافرەتەکانمان زۆر گرنگن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی یارمەتییە مرۆییەکانی ژنانی ئەفغانستان. ئێستا چۆن چارەسەری نیگەرانییەکانیان بکەین؟"
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ژنان "بەشێکی گرنگن لە ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان لە سەرانسەری جیهاندا" و قەدەخەکردنەکە "وێرانکەر" دەبێت بۆ ئەفغانییەکان، چونکە "هاوکارییە گرنگ و رزگارکەرەکانی ژیان بۆ ملیۆنان کەس دەپچڕێنێت".
 
ژنێک کە لە رێکخراوێکی ئەفغانی کاردەکات رایگەیاندووە، فەرمانەکە هەڕەشە لە سەرچاوەی بژێویی سەرەکیی ژنانی کارمەندانی رێکخراوە ناحکومییەکان دەکات و دەڵێت: "ئەو ژنانەی پیاویان نییە بۆ ئەوەی بتوانن بژێویی خێزانەکانیان دابین بکەن و لەو جۆرە رێکخراوە ناحکومییانە کار دەکەن، چی دەکەن؟"
 
رامیز ئالاکبارۆڤ، جێگری نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان دەڵێت: "ئەم فەرمانە "پێشێلکارییەکی روونی بنەما مرۆییەکانە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە