68 کۆچبەری دیکە لە نۆکەندی ئینگلیز رزگارکران.. ئەمساڵ 1030 بەلەم دەستیان بەسەرداگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
68 کۆچبەری دیکە کە 3 منداڵی ساوایان لەنێودایە لە نۆکەندی ئینگلیز رزگارکران، میدیای بەریتانیا دەڵێت کۆچبەرەکان ئەفغانستانی، عێراقی و ئێرانین .
بەپێی زانیاریی پاسەوانی دەریایی بەریتانیا کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەیە، پاسەوانی دەریایی ژمارەیەک بەلەمی بچووکی دەستنیشانکردووە کە پڕ بوون لە کۆچبەر و لە شەودا هەوڵیان داوە نۆکەندی ئینگلیز تێپەڕێنن و بگەنە بەریتانیا، بەڵام پاسەوانی دەریایی دەستنیشانی کردوون و کۆچبەرەکانی دەستبەسەرکردووە.
رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانە لەکاتێکدایە مانگێک لەمەوبەر 27 کۆچبەری کورد لەکاتی هەوڵی پەڕینەوەیان بۆ بەریتانیا بەلەمەکەیان نقوومبوو و خنکان، تەنیا دوو کۆچبەر رزگاریان بوو و هێشتا سێ کۆچبەریش بێسەروشوێنن، بڕیارە بەرەبەیانی یەکشەممە تەرمی 16 لەو قوربانییانە بگەڕێنرێنەوە هەولێر .
بەپێی زانیاریی میدیای بەریتانیا ئەمساڵ زیاتر لە هەزار بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیز دەستنیشانکراون و هەوڵی پەڕینەوەیان داوە بەرەو سنوورەکانی بەریتانیا.
بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت : " 1030 بەلەمی بچووک لە نۆکەندەکە و لە سنوورە ئاوییەکانی شانشینەکە دەستیان بەسەرداگیراوە ، هاوکات لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا 200 کۆچبەر لە نێو نۆکەندی ئینگلیز رزگارکراون، لەیەک هەفتەی رابردووشدا 1500 کۆچبەر رزگارکراون".
بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێن: "سەرەڕای خنکانی 27 کۆچبەر لە مانگی رابردوودا، بەڵام هێشتا کۆچبەران دەست لەو رێگە مەترسیدارە هەڵناگرن، لەگەڵ باشبوونی دۆخی کەشوهەوا هەوڵی پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز دەدەن".
28 هەزار کۆچبەر لە ساڵێکدا پەڕیونەتەوە
هەفتەی رابردوو رێکخراوی UTOPIA 56 لە دادگا سکاڵای دژی بەریتانیا و فەرەنسا تۆمارکرد، تۆمەتباریان دەکات کە شتێکی ئەوتۆیان نەکردووە بۆ رزگارکردنی ئەو 27 کۆچبەرەی خنکاون.
نیکۆلای پۆسنەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی رێکخراوی UTOPIA 56 بە رووداوی راگەیاند: "یەکەمجار نییە ئەو دۆخە روودەدات، بەڵگەی پشتگوێخستنی داوای هاوکاریی کۆچبەرانمان هەیە ، لە 20ـی مانگی رابردوو کۆچبەران شایەتی ئەوە دەدەن کە نە پاسەوانی دەریایی بەریتانیا نە فەرەنساش هاوکارییان نەکردوون ، دەمانەوێ دادگا لێکۆڵینەوە بکات و راستیش بۆ خەڵک و خێزانی کۆچبەران دەربکەوێت ."
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی 7ـی ئەو مانگە لە گوتارێکدا لە رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی رایگەیاند:" چاوەڕێی وەڵامی دۆستانمانین لە بەریتانیا کە ئایا ئەو بەلەمەی لە نۆکەندی ئینگلیز نقوومبوو کەی یەکەم پەیوەندیی کردووە بۆ داوای هاوکاری، هیواخوازی هاوئاهەنگی تەواویشین لە دۆستانمان لە فەرەنسا، نابێت رێگەبدەین ئەوە قەت دووبارە ببێتەوە".
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئەمساڵ زیاتر لە 28 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە %30 بەرزبووەتەوە، لە ساڵی 2020دا 8400 کۆچبەر پەڕیبوونەوە .
دان ئۆماهۆنی، فەرماندەی نەهێشتنی هەڕەشەکان لە نۆکەندی ئینگلیز دەڵێت: "سوورین لەسەر راگرتنی هەموو ئەو بەلەمە بچووکانەی گونجاو نین لەو ناوچەیە بپەڕنەوە، تۆڕی تاوانبار و چەتەی بێ بەزەیی لە پشت هەوڵی پەڕاندنەوەی خەڵکن و رێگەیان پێنادەین".
کۆچبەران قەیرانی سیاسیشی لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا دروستکرد، مانگی رابردوو ئێمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای بە 'یاری سیاسی لە پرسی کۆچبەراندا' تۆمەتبار کرد، جۆنسن ئەوکات پێشنیازی کرد هێزی زیاتر بنێرنە نۆکەندەکە بۆ هاوکاریی فەرەنسا لە کۆنترۆڵکردنی سنوورە ئاوییەکان.