رووسیا کۆمپانیای گوگڵ بە 98 ملیۆن دۆلار سزا دەدات


رووداو دیجیتاڵ

دادگەی رووسیا بەھۆی پێشێلکردنی رێکاری کارگێری بەبڕی نزیکەی 98 ملیۆن دۆلار سزای بەسەر کۆمپانیای گوگڵ-ی ئەمریکیدا سەپاند.
 
ئەو سکاڵایەی کە دامەزراوەی چاودێریی پەیوەندیی گشتی و زانیاریی تەکنەلۆژیە فیدڕاڵی رووسیا لەسەر کۆمپانیای گوگڵ بەرزیکردووەتەوە، لە دادگەی تاگانسکی شاری مۆسکۆی پایتەخت تۆمارکراوە.
 
دادگەی رووسیا، بەھۆی ئەوەی کۆمپانیای گوگڵ پابەند نەبووە بە سڕینەوەی ئەو ناوەڕۆکانەی کە لە رووسیا قەدەخەن، بڕیاریدا ئەو کۆمپانیایە بە بڕی حەوت ملیار و 221 ملیۆن رۆبڵ سزا بدات.
 
بەپێی ئەو راگەیێندراوەی لە کۆمپانیای گوگڵ بڵاوکراوەتەوە، وردبوونەوە لەو بڕیارەی دادگە دەکرێت و ئەو ھەنگاوانەی کە پێویستە لە داھاتوودا بنرێن دیاری دەکرێن.
 
پێشتر بەھۆی پێشێلکردنێکی دیکەوە، کۆمپانیای گوگڵ بە بڕی 37.5 ملیۆن روبڵ سزا درابوو.