باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا: باڵیۆز تاوەکو ئێستا لە بەغدایە و چۆڵمان نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، ئەو قسانە راست نین کە گوایە باڵیۆزخانەیان چۆڵ کردبێت و دەشڵێت، تاوەکو ئێستا باڵیۆزیان لە بەغدایە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئاماژەی بەوە نەکردووە کە دەنگۆکە لە کوێ بڵاوبووەتەوە، بەڵام دەڵێت، باس لەوە دەکرێت باڵیۆزخانەکەیان چۆڵکرابێت. بۆیە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، "باڵیۆز [ماتیۆ] تولەر لە بەغدا ماوەتەوە و باڵیۆزخانەش بەردەوامە لە بەڕێکردنی کاروبارەکانی".
ئەوە لەکاتێکدایە دوو سەرچاوەی "نزیک و بەئاگای" گفتوگۆکانی ئیدارەی ترەمپ گوتوویانە، لەدوای هێرشە مووشەکییەکانی ئەمدواییەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە باڵیۆخانەکە دابخات و یەکێک لە ئەگەرەکان گواستنەوەی باڵیۆزی ئەمریکایە بۆ هەولێر.
رۆژی شەممەی رابردوو 19-12-2020 باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە مووشەک کرایە ئامانج، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، مووشەکەکان لەلایەن ئێرانەوە هاوێژراون و هەر ئەمریکییەکیش لە عێراق بکوژرێت ئەو ئێران بە بەرپرس دەزانێت.
لە تویتەکەی ترەمپدا ئەوەشهاتبوو کە دەنگۆی هێرشی دیکە بۆسەر ئەمریکییەکان لە عێراق هەیە. بۆیە داوا لە ئێران دەکات، دووجار بیر بکەنەوە. سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "ئامۆژگارییەکی دۆستانەی" بۆ ئێران هەیە و "ئەگەر هەر ئەمریکییەک بکوژرێت، من ئێران بە بەرپرسیار دادەنەم".
لە کاتی هێرشە مووشەکییەکەی رۆژی شەممە هەڵکەوت عەزیز پەیامنێری رووداو ڤیدیۆی هێرشەکەی تۆمارکرد. شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ گرووپێکی لە یاسا دەرچوو ژمارەیەک مووشەکیان ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کرد، وا دەردەکەوێت ئەو شوێنەی مووشەکەکانی لێوە ئاراستەکراوە کامپی ئەلڕەشید-ە"، ئاماژەی بەوەش کردبوو کە بەهۆی هێرشەکەوە زیانی ماددی کەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
دوای تویتەکەی ترەمپیش، دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراقەوە گلابێت، وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکردبوو.
وەزارەتەکە لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا دەڵێ: "واشنتن هەموو بەرپرسیاریەتییەکی، هەر کارێکی نادانایانەی دەکەوێتە ئەستۆ کە لە قۆناخی داهاتوودا، بیکات".
سەرچاوە ئەمریکییەکان باس لەوەدەکەن، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا، چەندین بژارەی تاوتوێکردووە، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران و بریکارەکانی، بۆ هێرشکردنە سەر سەربازان و دیپلۆماتکارانی ئەمریکا لە عێراق.
کینیس ماکینزی، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەری پێکدادانی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێرانی بەدوورزانی و گوتی: ئێرانیش نایەوێ ئەو جەنگە لەگەڵ ئەمریکادا بەرپا بکات.