پزیشکێکی رەشپێست لە ئەمریکا بەر لە مردنی گوتبووی لەبەر رەنگی پێستی پزیشکێک چارەسەری نەکردووە

25-12-2020
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئەمریکا پزیشکێکی رەشپێست
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پزیشکێکی رەشپێستی ئەمریکی لە شاری ئیندیاناپۆلیس لە ویلایەتی ئیندیانای ئەمریکا دوای چەند هەفتەیەک لە تووشبوونی بە کۆرۆنا گیان لەدەستدەدات، پێش مردنیشی پزیشکێکی تۆمەتبارکردووە بەوەی کە رەتیکردووەتەوە چارەسەری پزیشکیی پێبدات "بەهۆی رەچەڵەکیەوە".
 
لە ڤیدیۆیەکدا کە لە نەخۆشخانەیەک لەسەر جێگە کەوتووە، ئەو پزیشکە رەشپێستە بەناوی سوزان موور دەڵێت، ئەو دەبوو "بپاڕایەتەوە" بۆئەوەی چارەسەری پزیشکیی پێبدەن. نەخۆشخانەکەش روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، تۆمەتەکانی بێڕێزیکردن زۆر بە جیددی وەردەگرن و لێکۆڵینەوە دەکەن، بەڵام لەوە زیاتر لێدوانیان نەداوە.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رەشپێستەکان مەترسییان زیاتر لەسەرە وەک لە سپی پێستەکان.
 
سوزان لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەدا کە لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، باسی لەوە کردووە کە ئازارەکەی چۆن لەلایەن پزیشکێکەوە، کە ئەو دەڵێت سپی پێست بووە، بە کەم سەیرکراوە، هەرچەندە ئەو بەهۆی ئازارەوە گریاوە و هەناسە تەنگیی هەبووە.
 
ئەو پزیشکە رەشپێستە لە پۆستێکیدا نووسیویەتی "ئەو پزیشکە [سپی پێستە] تەنانەت گوێی بۆ سییەکانیشم نەگرت، بە هیچ شێوەیەک دەستی بەر من نەکەوت. هیچ پشکنینێکی پزیشکیی نەکرد. پێم گوت، تۆ ناتوانیت بە من بڵێیت هەستم چۆنە".
 
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، ئەو پزیشکە رەشپێستە تەنانەت پێی گوتراوە کە "شیاوی وەرگرتنی دەرمان نییە" و دەبێت بچێتەوە ماڵەوە.
 
د. موور لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەدا دەڵێت "پزیشکەکە وایلێکردم کە هەستبکەم من هۆگری ماددەی هۆشبەرم. ئەو دەیزانی من پزیشکم. من بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر نیم. من ئازارم پێدەگەیشت".
 
هەرچەندە ئەو پزیشکە رەشپێستە داوایکردووە کە بیگوازنەوە بۆ شوێنێکی دیکە و دواتر لەو نەخۆشخانەیە دەرکراوە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە دەرچوونی بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستییەوە گەڕاوەتەوە، ئەو باس لەوە دەکات کە رەشپێستەکان "بەم شێوەیە دەکوژرێن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە