نەتەوە یەکگرتووەکان: لە هەر 10 خولەکدا ژنێک دەکوژرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی نەهێشتنی تووندوتیژیی دژی ژنان، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە هەر 10 خولەکێکدا ژنێک دەکوژرێت.
بە گوێرەی راپۆرتێک کە ئەمڕۆ دووشەممە لە لایەن ئاژانسی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە هەر سێ ژن لە جیهاندا یەکێکیان لانیکەم جارێک لە ژیانیدا لەسەر دەستی هاوژین، هاوبەش یان کەسانی دیکەوە رووبەڕووی تووندوتیژیی جەستەیی یان سێکسی دەبێتەوە.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ساڵی 2023 لانیکەم 51 هەزار و 100 ژن لە لایەن هاوژین، هاوبەش یان کەسوکاریانەوە کوژراون، واتە هەر 10 خولەک جارێک ژنێک کوژراوە. زۆرترین ژنکوشتن لە ئەفریقا بووە کە 21 هەزار و 700 ژن کوژراون.
64٪ی ئەو ژنانەی لە ئەورووپا و 58٪ی ئەو ژنانەی لە دوو کیشوەرە ئەمریکییەکە کوژراون، بە دەستی هاوژین یان هاوبەشەکانیان کوژراون.
ئاژانسە نێونەتەوەییەکە دەڵێت، "تووندوتیژیی دژی ژنان و کچان یەکێکە باوترین و بەربڵاوترین پێشێلکارییەکان دژی مافی مرۆڤ لە جیهاندا"؛ دەشڵێت، "تووندوتیژیی دژی ژنان لە نێوەندە جیاجیاکان زیادیکردووە، لە نێویاندا لە شوێنی کار و لە نێوەندە ئۆنلاینەکان."
بە گوێرەی ئاژانسە ژنپارێزەکە، ململانێیەکان و گۆڕانی کەشوهەوا تووندوتیژیی دژی ژنانی خراپتر کردووە.