رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی میسر دەڵێن، یەختێک لە دەریای سوور نوقم بووە و 17 کەس بێسەروشوێنن.
رۆژی دووشەممە 25-11-2024، کارگێڕیی پارێزگەی دەریای سوور لە میسر، کە دەکەوێتە نێوان رووباری نیل و دەریای سوور رایگەیاند: "یەختێک کە 31 گەشتیاری فرەنەتەوە و 14 کارمەندی هەڵگرتبوو، لە دەریای سوور نوقم بوو."
عامر حەنەفی، پارێزگاری پارێزگەی دەریای سوور گوتی، 17 کەس بێسەروشوێنن و 28 کەسی دیکەش بە فڕۆکەی فریاگوزاری لە باشووری شارۆچکەی مەرسا عەلەم رزگارکراون.
یەختەکە ناوی (سی ستۆری)ـیە و رۆژی شەممە 23-11-2024 لە بەندەری غالب لە باشووری رۆژهەڵاتی میسر دەستی بە گەشت کردبوو و بەنیازبووە لە شاری غوردەقە لەنگەر بگرێت کە 200 کیلۆمەتر لە بەندەرەکە دوورە.
کەشتییەکە بۆ گەشتێکی پێنج رۆژە بەڕێکەوتبوو.
حەنەفی گوتی: "ئۆپەراسیۆنێکی چڕی بەدواگەڕان بە هاوئاهەنگیی هێزە چەکدارەکان و هێزی دەریایی میسر بەردەوامە."
کۆمپانیای (دایڤ پرۆ لایڤبۆرد) خاوەن و بەگەڕخەری یەختەکەیە و لە میسرە، تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر رووداوەکە نەداوە.
شارۆچکەی مەرسا عەلەم لە پارێزگەی دەریای سوور لەسەر کەناری دەریایە و شوێنێکی دڵخوازی گەشتیارانە.
کەرتی گەشتیاریی میسر 10 ملیۆن کەس لەخۆ دەگرێت و 10٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی میسر پێکدێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ